گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، پەیوەندیی لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی هەیە و بەم نزیکانە کۆدەبنەوە، جەختیشی کردەوە کە ئامانجی ئەوان کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.
ئەمڕۆ شەممە 29ـی ئاب، مەحمود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی لەبارەی دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "لە ڕاستیدا ئەم دۆخەی هاتووەتە پێش، ئەرکی سەرشانی هەموو لایەنەکانە، لایەنە سیاسییەکان، بۆ ئەوەی کە خەمی لێ بخۆن و ئەم چەقبەستووییە بشکێت و بەرەو ئاراستەیەکی تر بڕۆین کە ئەم ئاراستەیە لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا بێت".
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی مەحمود محەمەد گوتی: "لە ڕاستیدا پەیوەندییەکان هەیە و هاتوچۆ هەیە، لەم نزیکانە لە هەفتەی داهاتوودا لەوانەیە کۆبوونەوەی تریش ئەنجام بدرێت و ئەو کاتە دەتوانین باس لەوە بکەین کە چی دەکرێت".
گوتەبێژی پارتی ئاماژەی بەوە کرد، ئومێد دەکەن کە نەگاتە ئەوەی بەرەو هەندێک ئامانجی تر بچن کە ئامانجی ئەوان نییە، جەختیشی کردەوە کە ئامانجی ئەوان ئەوەیە هەرچی زووترە پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە و کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا مەحمود محەمەد باسی کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە دەکات و ڕایگەیاند: لایانەکانی دیکەش بەشێکن لەم پڕۆسەیە و ئەرکی نیشتمانی و نەتەوەییشیان لەسەر شانە، بەشێک لەوانە هەوڵی جددیشیان داوە بۆ ئەوەی ئەم کۆبوونەوانە ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی ئەم چەقبەستووییەی کە هەیە بشکێت و هەوڵەکانیشیان بە تەئکید جێگەی ڕێز بووە و جێگەی خۆشحاڵییە".
لە کۆتایی قسەکانیشیدا ئاماژەی بەوە کرد کە هەوڵەکانیان بۆ گەیشتنە ڕێککەوتن بەردەوامە و کۆبوونەوەکانیش بەردەوام دەبن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.