لیژنەی ئاوارەکانی سەرێکانی ڕایگەیاند، ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو، کاروانێکی نوێی ئاوارەکان کە لە نزیکەی 500 خێزان پێکهاتوون، ئامادەی گەڕانەوەن بۆ گوندەکانیان لە دەوروبەری شاری سەرێکانی لە ڕۆژئاڤای کوردستان.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی بەردەوامیی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە گوندەکاندا دێت. لەگەڵ ئەوەشدا، لیژنەی ئاوارەکان ئاماژەی بەوە کردووە کە هێشتا بەربەستی کارگێڕی و ئەمنی لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناو سەنتەری شاری سەرێکانی و گەڕەکەکانیدا ماوە و لایەنە فەرمییەکان بەبێ پاساوی پێویست گەڕانەوەی بۆ ئەو ناوچانە دواخستووە.
لیژنەی ئاوارەکانی سەرێکانی جەخت لەسەر ئەم خاڵانە دەکاتەوە:
گەڕانەوە بۆ گوندەکانییان هەنگاوێکی سەرەتاییە بۆ کۆتاییهێنان بە نەهامەتییەکانی ئاوارەیی.
پێویستە بە زووترین کات گەرەنتیی ئەمنی و پاراستنی ماڵ و موڵکی هاووڵاتیان لە ناو سەنتەری شارەکەشدا دابینبکرێت.
داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن ئەو ئاستەنگانە چارەسەر بکەن کە ڕێگرن لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناو شارەکە و زامنکردنی سەلامەتی و کەرامەتی گەڕاوەکان.
ئەم گەڕانەوەیە لە کاتێکدایە کە هەزاران خێزانی دانیشتووی سەرێکانی لە کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا ناچار بوون زێدی خۆیان جێبهێڵن و تا ئێستاش بەشێکی زۆریان لە کەمپەکان یان شارەکانی دیکە دەژین.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.