Erbil 31°C شەممە 29 ئاب 17:46

دۆناڵد ترەمپ: ئەمریکا ڕێککەوتنێکی مێژوویی بۆ کۆنترۆڵکردنی 65 ملیار بەرمیل لە نەوتی ڤەنزوێلا واژۆ کرد

100%

سەرۆکی ئەمریکا گەیشتنی وڵاتەکەی بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ڤەنزوێلا ڕاگەیاند، بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی زیاتر لە 65 ملیار بەرمیل لە یەدەگی نەوتیی پشتڕاستکراوی ئەو وڵاتە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردووەتەوە: "ئەم ڕێککەوتنە مێژووییە یەدەگی نەوتی ئەمریکا بۆ زیاتر لە دوو هێندە زیاد دەکات، بە شێوەیەکی بەرچاو دابینکاریی نەوتمان بەرز دەکاتەوە و نرخی بەنزینیش بە شێوەیەکی بەرچاو بۆ سەرجەم ئەمریکییەکان دادەبەزێنێت". هاوکات، دێلسی ڕۆدریگێز، سەرۆکی کاتیی ڤەنزوێلا ستایشی ڕێککەوتنەکەی کرد و بە هەنگاوێکی گرنگی دەزانێت بۆ بوژاندنەوەی ئابووریی وڵاتەکەی.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ بەڵێنی بەکارهێنانی یەدەگەکانی نەوتی ڤەنزوێلای دابوو کە گەورەترین یەدەگی جیهانە، دوای ئەوەی ئەمریکا لەم ساڵدا کۆتاییی بە دەسەڵاتی نیکۆلاس مادۆرۆی سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە هێنا.

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕێککەوتنەکەی بە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ هەردوو گەلی ئەمریکا و ڤەنزوێلا ناو برد. بەڵام تا ئێستا وردەکارییەکانی ڕێککەوتنەکە بڵاو نەکراونەتەوە.

ڕوبیۆ ڕایگەیاند: "بۆ گەلی ڤەنزوێلا، ئەم ڕێککەوتنە وەبەرهێنانی تایبەت بە بڕی نزیکەی 100 ملیار دۆلار دابین دەکات و پاڵپشتیی هەزاران هەلی کار بە مووچەی بەرز دەکات، هاوکات بەشدار دەبێت لە سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی ئابووریی ڤەنزوێلادا".

سەرۆکی ئەمریکا لە بڵاوکراوەکەیدا ڕایگەیاندووە، مارکۆ ڕوبیۆ و پیت هێگسێت وەزیری جەنگ، لەگەڵ سەرکردایەتیی ڤەنزوێلا گەیشتوونەتە ڕێککەوتن لە ڕێگەی هاوبەشیکردن لەگەڵ کەرتی تایبەتدا.

ترەمپ وردەکاریی سروشتی ئەم هاوبەشیکردنەی ڕوون نەکردووەتەوە، بەڵام ڕایگەیاندووە، ئەم ڕێککەوتنە بەبێ هیچ تێچوویەک بۆ باجدەرانی ئەمریکی بەدەست هاتووە.
 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.