سەرۆک بارزانی لە 38ـەمین ساڵیادی ئەنفالی بادیناندا ڕایگەیاند کە ئیرادەی پۆڵایینی گەلی کوردستان بۆ مانەوە و ئازادیخوازی سەرکەوت و ئەوە دوژمنان و تاوانباران بوون کە ڕووخان و بوونە پەندی ڕۆژگار، هاوکات جەختی کردەوە کە ئەرکی سەرشانی دەوڵەتی عێراقە قەرەبووی ماددی و مەعنەویی هەموو ئەو تاوان و پێشێلکارییانە بکاتەوە کە لە دژی گەلی کوردستان ئەنجام دراون.
دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی:
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
لەدرێژەی زنجیرە تاوانەكانی ڕژێمی پێشووی عێراق لە سەدەی بیستەم، لە بیست و پێنجی ئابی 1988 هەتا شەشی ئەیلوولی 1988 ڕژێمی عێراق هەڵمەتێكی نامرۆڤانەی لە بەشێكی زۆری ناوچە و گوندەكانی دەڤەری سەربەرزی بادینان بەڕێوە برد. لەو پیلانەدا تاوانی كیمیابارانكردن و گرتن و كوشتن و ڕاگواستنی زۆرەملێ و ئەنفالی هاووڵاتیانی بێ تاوان لە لایەن هێزەكانی ڕژێمی ئەو كاتی عێراقدا جێبەجێ كرا. لە ئەنجامی ئەو تاوانە نامرۆڤانەیە بە هەزاران هاووڵاتیی كوردستان كۆمەڵكوژ و بێ سەروشوێن و ئاوارە كران و سەدان گوندیش خاپوور و وێران بوون.
ئامانجی سەرەكیی ڕژێم لەو تاوانە گەورەیە گۆڕینی دیموگرافی كوردستان و جێبەجێكردنی سیاسەتی زەویی سووتاو و شكاندنی ئیرادەی گەلی كوردستان بوو. بەڵام ئیرادەی پۆڵایینی گەلی كوردستان بۆ مانەوە و ئازادیخوازی سەركەوت و ئەوە دوژمنان و تاوانباران بوون كە ڕووخان و بوونە پەندی ڕۆژگار.
لە یادی سی و هەشت ساڵەی تاوانی ئەنفالی بادینان هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئەنفالی بادینان و گەرمیان و بارزان و تێكڕای شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستان دەنێرین. لەو یادە دڵتەزێنەدا ڕایدەگەیێنین ئەركی سەر شانی دەوڵەتی عێراقە كە قەرەبووی هەموو ئەو تاوان و پێشێلكارییە بكاتەوە كە لەدژی گەلی كوردستان ئەنجام دراون.
مسعود بارزانی
25ی ئابی 2026
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.