گریشا میکاییل زادە ( 1929_1999) ژەنیار و ئاوازدانەر و سەرپەرشتیارى ئۆرکێسترا ...!
دەنگى خۆش و بەسۆزى هونەرمەندانى نەتەوەکەمان لەڕێی گۆرانییەکانیانەوە ئارامیی بەڕۆح و جەستەمان دەبەخشن ، ئایا ئەو پرسیارە لەلامان دروست بووە بپرسین لەپشتى دەنگ و هونەریی ئەو هونەرمەندانەوە ، ئەو ژەنیارە دەست و پەنجە گەوهەرییانە کێن ؟! هەمیشە هاوکار و پشتیوانى هونەرمەندانى دەنگبێژ بوون لەڕووى دانانى ئاواز و ئامادەو دابەشکردنى موزیکى بەرهەمە هونەرییەکانیان، هەرکاتێک یادو یادەوەریی هونەرمەندێکى گۆرانیبێژ دەکەینەوە و هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانیان دەکەین ، پێویستە ئاوڕێک لە باکگراوندى گۆرانییەکە بدەینەوە لەڕووى تێکست و ئاواز و موزیکى گۆرانییەکە، بێگومان چەندژەنیارێکى بەتوانا لەڕێی ئامێرەکانیانەوە بوونەتە بەشێک لەسەرکەوتنى بەرهەمەکەو داگیرکردنى ڕۆحمان کە دەنگ و موزیک پێکەوە ئاوێتەى یەکترى بوون و ئارامیمان پێ دەبەخشن.
یەکێک لەو هونەرمەندە دەست و پل و پەنجە زێڕینەى ژەنینى ئامێرى ( کەمان _ ڤیۆلۆن ) ساڵانێک بە کەسایەتى و هونەرەکەى کاریگەرى هەبووە لە پێشکەوتنى هونەر و مێژوویەکى بەنرخى لەلاپەڕە درەوشاوەکانى مێژووى هونەرى موزیک لەشارى سنەى ڕۆژهەڵاتى کوردستان ، ئەو هونەرمەندە موزیکژەن و ئاوازدانەر و ڕێکخەر و ئامادەکارى موزیک هونەرمەند ( گریشا میکاییل زادە) یە .
لەوانەیە ناو و ناسناو و هونەرەکەى ئەم هونەرمەندە نەمرەى موزیک بەهەست و ڕۆحى زۆربەمان ئاشنا نەبێـت ، بەڵام ئیتر کاتییەتى ئاوڕ لە لاپەرە زێرینەکانى ژیانى ئەو هونەرمەندە بدەینەوە ، لایەنە درەوشاوەکانى وێستگەى تەمەنى و مێژووەکەى بخەینە بەردییەو بەرز بینرخێنین.
هونەرمەند گریشا میکاییل زادە و دەستپێکى کارى هونەریی ...!
گریشا لە باوکێکى کوردى خەڵکى (دیواندەرە) بەناوى ( ئاغابرا) و داکێکى خەڵکى ( تاجیکستان) بەناوى (گوڵبەهار) دواتر بە (مادام) ناوبراوە ، لەتاجیکستان ژیانى هاوبەشیی پێکدێنن و گریشا میکاییل زادە لەڕێکەوتى( 6/6/1308 ى هەتاوى ) بەرامبەر( 28/8/1929ى زاینى) لە شارى ( دووشەنبەى ) پایتەختى تاجیکستان لەبنەماڵەیەکى ڕۆشنبیر و هونەریی لەدایکبووە.
باوکى هونەرمەند یەکێک بووە لە بازرگانەکانى ئەو سەردەمەى دیواندەرە ،دایکیشى لە باوک و دایکێکى (ڕووسی ) بەدنیا هاتووە و بنەماڵەکەى هونەرمەندو موزیکژەن بوون.
ئاغا برا و خاتوو مادام بوونەتە خاوەنى ( دووکوڕو کچێک ) لەساڵى (1935) ئەو خانەوادەیە کۆچیان کردووە بۆ ئێران و دواتر ڕوویان لەشارى سنە کردووە و ئەوشارەیان کردۆتە دوا وێستگەو دوا هەوارى ژیانیان ،
گریشا لە تەمەنى (8) ساڵیدا ( ئاغا برا) ى باوکى کۆچى دوایی دەکات و هەموو ئەرکى بەڕێوەبردنى ماڵ و ئەو دوو کوڕ و کچە دەکەوێتە سەرشانى خاتوو (مادام) ى دایکیان ، لەپێناو دابنکردنى ژیانى خۆیی و منداڵەکانى (مادام) دەبێتە یەکەم (وێنەگر) لەشارى سنە و لەپاڵیشیدا بەکارى بەرگدرووییەوە سەرقاڵ دەبێـت،
گریشا دەخرێتە بەرخوێندن ، لە قۆناغى سەرەتاییدا حەزوو خولیا و ئارەزووى بۆ موزیک لەناخیدا چرۆ دەکات، دایکى هەست بە عەشقى منداڵەکەى بۆ موزیک دەکات و ئامێرێکى ڤیۆلۆنى بچووکى بۆ دەکڕێـت، گریشا ڕۆژانە خۆى سەرقاڵى ژەنینى ژێیەکانى ئامێرەکەى دەکات و گۆرانییە فۆلکلۆرییەکانى ناوچەکە دەژەنێ بەبێ بوونى مامۆستایەکى هونەریی.
هونەرمەند گریشا میکاییل زادە، دەمانباتەوە بۆ ئەو ڕۆژگارەى مامۆستایەک دەبێتە ڕێنوێنى و ڕێنیشاندەرى بەرەو دنیاى هونەر و ڕاستى و دروستى ژەنینى ئامێرەکەى ( ڕۆژێک لە دارستانێکدا بۆخۆم خەریکی ژەنین و مەشقی گۆرانی لەسەر کەمانچە دەکرد، بینیم پیاوێک بە جلوبەرگی سەربازى لە پشت هەندێک دارەوە هاتە دەرەوە سەرەتازۆر ترسام، بەڵام زۆری نەخایاند ئەو پیاوە بە میهرەبانییەوە پێی وتم:
کە بەم شێوەیە ئەم گۆرانییە لێبدەم و بەم شێوەیە کەمانچەکە بگرم، لە ڕاستیدا ئەو کەسە یەکەم مامۆستای من بوو، دواتر زانیم کە هونەرمەندێکی بەناوبانگی کوردستانە و ناوى مامۆستا ( حەسەنى کامکار 1923_1992) ە (1).
گریشامیکاییل زادە بەردەوام دەبێـت لەگەڵ خوێندن و ڕاهێنانى لەسەر ئامێرە ژێدارەکەى ڤیۆلۆن ، تا دەگاتە ئەو ئاستەى شارەزایی زیاتر پەیدا دەکات و دەگەڕێت بەدواى سەرچاوە، کتێى موزیکى بەدەست دێنێت و دەکەوێتە سەرخوێندنەوەى کتێب و نۆتەى موزیک ،
هونەرمەند قۆناغەکانى خوێندن لەشارى سنە تەواو دەکات تا لەساڵى (1944) وەک مامۆستاى وانەى (هونەر) دادەمەزرێت ، بۆمەبەستى زیاتر برەودان بەکارەکەیی و ئاشنابوونى زێدەترى لە هونەرى موزیک لەساڵى (1951) دەچێتە (هونەرستانى موزیک ) لە تاران و بۆماوەى (2) ساڵ بەشدارى خولى موزیک دەکات ، لەتاران لەنزیکەوە ئاشنا دەبێت بەگەورە موزیسیانى ئەوسەردەمەى ئێران ( ئەبو حەسەن سەبا 4/4/1902_20/12/1957) و ( ڕوح اللە خالیقى1906_12/11/1965) ، هونەرمەند گریشا لەساڵى (1953) دەگەڕێتەوە شارى سنە و لەساڵى (1954) لەبەڕێوەبەرایەتى پەروەردەى ئەوسەردەمى شارى سنە بەشێوەى فەرمى سەرقاڵى وانە وتنەو فێرکردنى موزیک بووە ، هونەرمەند بەرلەوەى بڕواتە ڕادیۆى سنە وەک ژەنیارى ئامێرى ڤیۆلۆن کاربکات ، لەڕادیۆى (سوپا _ ئەرتەش) هەفتانە چووە یەک بەرنامەى موزیکى پێشکەش کردووە.
هونەرمەند گریشا میکاییل زادە ، لەمیانەى کارو ئەرکە پیرۆزەکەى کەمامۆستاى هونەر بووە ، کەسێکى نەرم و نیان و دڵسۆزو خەمخۆر و هەمیشە وێڵ بووە بەدواى قوتابییە بەهرەمەند و دەنگخۆشەکان دا، لەو کارو تێکۆشانەیدا چەند دەنگخۆش و بەهرەمەندێکى دۆزیوەتەوە و پشتیوانى لێکردوون وەک :
( مەزهەرى خالقى ، شەهێن تاڵەبانى ، فەتانەى وەلیدى ، عەباس کەمەندى ، هۆشەنگ شگرف ، حسەینى شەریفى و مونیرە موتتەقى) (2).
یەکێک لەو قوتابیانەى کە زۆر بەئەمەکدارییەوە ڕۆڵى ئەو مامۆستا و هونەرمەندە بەرزدەنرخێنێ خانمە هونەرمەند ( شەهێن تاڵەبانى) یە و دەڵێت :
( وانەى هونەر و گۆرانى و سروودمان هەبوو، مامۆستاى ئەم وانەیە ناوى ( گریشا) ژەنیارى ڤیۆلۆن بوو، ئەم مامۆستایە ڤیۆلۆنژەنێکى لێهاتووبوو ، هەفتەى جارێک وانەیەکمان هەبوو، ئەو مامۆستا و هونەرمەندە دەهات و مەبەستى بوو (نۆت) مان فێربکات ، کام لەقوتابییەکان بەهرەى هەیە هانى بدات و دەستى بگرێت ، بەهۆى بارودۆخى کۆمەڵایەتییەوە کچ بۆى نەبوو نزیکى فێربوونى ئامێرى موزیک بکەوێت؟! بەڵام ئەو مامۆستا و هونەرمەندە داواى دەکرد گۆرانى بۆ بڵێین ، کاتێک گوێی لەدەنگى من بوو زۆرى پێخۆش بوو، زۆر هانى دام و لێمى دەپرسیی زۆرتر حەز لە چ جۆر گۆرانى دەکەیت ؟ ) ( 3).
هونهرمهند گریشا میكاییل زاده وهك مامۆستایهكى بەپەرۆش بۆ سەرخستنى هونەرى موزیک و گۆرانى ، بۆته ڕێنیشاندهر و یارمهتیدهر و هاوكار بۆ قوتابیەکى دیکەى ئەویش هونهرمهند (عهلای سهلاحیان) ە بەپشتیوانى و ڕێنوێنى مامۆستاکەى توانیویەتى ڕۆژ بهڕۆژ گهشهی زیاتر بکات و لهقۆناغی ( دهبیرستان _ ناوهندی) بهدهنگ و هونهرهكهی خۆی به جهماوهر ئاشنا بکات )(4).
لەفەرهەنگ و هونەرى شارى سنە پەیوەندى لەگەڵ هونەرمەند حەسەنى کامکار پەیدا دەکات، چونکە ئەوکاتە حەسەنى کامکار بەرپرسى ئەو ناوەندە هونەرییە بوو، هەروەها دواى کردنەوەى ڕادیۆ لەشارى سنە و هونەرمەند و مامۆستا حەسەنى کامکار دەبێتە سەرپەرشتیارى ئۆرکێستراى ڕادیۆ ، هونەرمەند گریشا لەگەڵ مامۆستاکەى ئاغاى کامکار پێکەوە لەگەڵ چەند ژەنیارێکى دیکە خزمەت بەهونەر و گۆرانیبێژان ڕەوتى موزیک و گۆرانى لەشارى سنەو دەوروبەرى دەکەن.
لەساڵى (1971) تەلەفزیۆنى کوردستان لەشارى سنە دەکرێتەوە، بەهۆى توانا و لێهاتوویی لەبوارى ژەنین و بەڕێوەبردن هونەرمەند گریشا دەبێتە بەرپرسى ئۆرکێستراى ڕادیۆ و تەلەفزیۆنى شارى سنە ، لەو ماوەیەدا توانیویەتى ڕۆڵێکى یەکجار گەورە ببینێ لە بەشداریکردنى لە ئۆردوگاى ( ڕامسەر ) و تۆمارکردن و دابەشکردن و ئامادەکردنى موزیک بۆ زۆر لە گۆرانیبێژان و خزمەتێکى زۆر بگەیەنێت و ئەرشیفێکى گەورە بخاتە سەرخەرمانى هونەرى موزیک و گۆرانى ڕادیۆ و تەلەفزیۆنى سنە .
توانیویەتى چەندین گۆرانى لەڕووى موزیکەوە بۆ هونەرمەندانى وەک :
( ناسرى ڕەزازى ، عەباسى کەمەندى ، حیکمەتى نوبەرى ، فەتانەى وەلیدى و شەهێن تاڵەبانى و مونیرەى موتتەقى ) ئامادەبکات ،
لەساڵى (1977) بەهاوکارى چەند ژەنیارێکى دیکە:
هونهرمهند ( عهباسی نیرومهند 1931_27/9/2016، ژهنیاری كلارنێت ).
هونهرمهند( میكائیل گریشا میكائیلزاده، ژهنیاری ئۆكۆردیۆن) .
هونهرمهند( بههزاد هۆمایۆنڕوز، ژهنیاری زهڕب، بهداخهوه لهژیاندا نهماوه).
هونهرمهند( خهلیل چاڵه چاڵه 18/10/1948_28/11/2015 ، ژهنیاری تار) .
گۆرانی( حهریره ، چی یه ئهی گوڵ ؟! ، لیمۆ ههی لیمۆ ، دهنا كورتێ ، ئێوارهیه وا ههڵگره ساگۆزهی تازه و سهوزههای لیمۆ و شیرینه سهوزه و زۆری تر لهو گۆرانیانه كهلهو سهردهمهدا خوێندراون و بڵاوكراونهتهوه ، هونەرمەند گریشا میکایل زادە زۆر زهحمهتی كێشاوه لهئامادهكردن و دابهشكردنی موزیکى ئەو گۆرانیانە.
لەکارە هونەرییەکانى بۆ هونەرمەند ( عەلاى سەلاحیان) ئەنجام داوە وەک:
1/ گۆرانی (غهریب )، هۆنراوهی عهباس كهمهندی و ئاواز و دابهشكردنی هونهرمهند گریشا میكائیل زاده.
2/ گۆرانى (پیرت كردم )، هۆنراوهو ئاوازی فۆلكلۆر ، ئامادهو دابهشكردنی مۆسیقا هونهرمهند گریشا میكائیل زاده.
3/ گۆرانى (بههاری كوردستان) ، هۆنراوهی ( ناسر ڕۆشهن) ئامادهو دابهشكردنی مۆسیقا هونهرمهند گریشا میكائیل زاده.
هونەرمەند گریشا میکاییل زادە تا ساڵى (1978) بەرپرسى ئۆرکێستراى ڕادیۆ و تەلەفزیۆنى سنە بووە ، لەو نێوەندەدا (1971 تا 1978) گەلێک کارى هونەریی ناوازە بۆ هونەرمەندان وەک ئاوازدانان ، دابەشکردن و ئامادەکردنى موزیک ئەنجام داوە بۆ ( خانم نەسرین جەلالیزادە، صدیقەى محەمەدنەژاد ، هۆشەنگ شگرف ، بەهرۆزى تەوەکولى و ...تاد)(5).
لایەنێکى دیکەى لێهاتوویی و هەڵسەنگاندن و هەڵبژاردنى دەنگ و خوێندنى گۆرانى لەلایەن هونەرمەند و مامۆستا گریشا، لەم یادەوەرییەى هونەرمەند ( عەباسى کەمەندى 1952_22/5/2014) لەکاتى تۆمارکردنى گۆرانى ( سەبرى گوڵفرۆش) دا دەردەکەوێت ، ( ڕهنگه ئهوه یهكهمین جار بێ لهڕاگهیاندندا باسی ئهم نهێنییهبكهم ، خۆئهگهر نهشیكهم ههركهس نهیدهزانی، من گۆرانی( سهبری گوڵ فرۆش ) م لهسهر گۆرانییهكی عهرهبیی ئهو زهمانهی هونهرمهندی عێراقی ( داخل حهسهن) دروست كرد، كه گوێم لهو گۆرانییه بوو ، بینیم زۆر جوانه و شیعری كوردیش دهخوا ، بۆیه هاوردم ئاڵ و گۆڕێكم تیا كردو بوو به ( سهبری گوڵ فرۆش )، سهرهتا قهرار وابوو بیدهم بهشههێن تاڵهبانی بیخوێنێ، كاتێكی زۆر تهمرینمان كرد بۆ فێركردنی ، من شههێنم فێری خوێندنی ئهو گۆرانییه ئهكرد، خودا عافووی كا مهرحووم ( گریشا میكاییلزاده) ئهو دهمه ڕهیسی ئۆركێسترای ڕادیۆی سنه بوو، گووتی ئهرێ كاكه بۆ بهیهكهوه ئهو گۆرانییه ناخوێنن؟! وتم نازانم ئهوه ئیدی ئهبێ ئێوه تهسمیمی بۆبگرن ، وتی من پێم خۆشه ئهمه بهیهكهوه بخوێنن ، ئهوهبوو بهیهكهوه گۆرانییهكهمان گووت ) (6).
هونەرمەند هێزو وزەى دەست و پل و پەنجەکانى لەگەڵ ئامێرە دڵخوازەکەى تا ساڵى (1981) بەردەوام دەبێت و لەکارى مامۆستایەتى و ئەرکى ڕادیۆ و تەلەفزیۆن خانەنشین دەبێت ،
بەداخەوە هونەرمەند کۆتا ساڵەکانى ژیانى نەخۆشیی بەرۆکى دەگرێت و بڕستى لێدەبڕێت دواى ماوەى شەش مانگ دووچاربوون بەنەخۆشیی ، مەخابن لەڕێکەوتى (6/4/1999) لەتەمەنى ( 70) سالیدا دڵە گەورەکەى لەلێدان دەکەوێـت و بۆهەمیشە ژیانئاوایی لە ڤێۆلۆنەکەیی و شارى سنە و ئازیزانى دەکات.
ئەو هونەرمەندە موزیکژەنە( گریشا میکاییل زادە) هەموو هەوڵ و خۆشەویستییەکەى بۆ پەروەردەو فێرکردنى ڕۆڵەکانى شارەکەى بۆ هونەرى موزیک و بەردەوام بوونى ئەو ڕەوتە هونەرییەى شارى سنە بگاتە ئەو ئاستەى بەشارى داهێنەر لەهونەرى موزیکدا بناسرێت ، هونەرمەند هۆشەنگ شگرف یەکێک لە قوتابیەکانى و هونەرمەندێکى شارى سنەیە دەربارەى مامۆستا گریشا دەڵێت ( فرە هاوکار و پشتیوانمان بوو لەڕووى کارى هونەرییەوە، خۆش سەلیقە و داهێنەر بوو ، کارەکانى هەمیشە زیندوون و بۆ هەموومان کارى کردووە، ئەوەندە چالاک بوو لەو کاتەدا مانگى (4) بەرهەممان تۆماردەکرد، هونەرمەندێکى زۆر بەزەوق و سەلیقە بوو ، ناوى هەمیشە بەزیندوویی دەمێنێتەوە لەشارى سنە و هەموو کوردستان ) (7).
دروود و سڵاو و بۆڕۆحى پاکى و چەپکە گوڵ بۆسەر گڵکۆى هونەرمەند و مامۆستا (گریشا میکاییل زادە) یاد و یادەوەریی و هونەرەکەى بەرزو بەرێز بێـت .
جەمال عومەر ( جەمالى دەلاک) 25/8/2026
سەرچاوە :
(1 و 2 )مەشاهیرى کورد _ئینستاگرام .
(3) دیمانه: شههێن تاڵهبانی ،ئا: وریا ئهحمهد، گۆڤاری (چلاواز) ژماره( 34) له كانوونی یهكهم 2008،لاپهڕه( 43).
(4) پێوهندی لهگهڵ هونهرمهند (عهلا سهلاحیان) لهڕێی تۆڕی كۆمهڵایهتی فهیسبوك ( ماسنجهر) هوه لهڕێكهوتی ( 29/6/2022) .
(5 و 7 ) هونر در سنندج _ مستەفا زارعى ، ئینستاگرام.
(6) كتێبی مامۆستای حهوت هونهر،گفتوگۆیهكی ههمهلایهنه لهگهڵ عهباسی كهمهندی ، سازدانی بهرههم عهلی ، لاپهڕه (22 و23 و 24 ) .
(*) سوپاس و پێزانینم بۆ بەڕێز (صادقى حاجى رۆستەمى) لەشارى سنە بۆ هاوکاریی و پشتیوانى و پێدانى زانیاریی (ج،د) .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.