وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کە لەمساڵدا بەرەو وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا گەشت دەکەن، چونکە سیستەمێکی نوێی پشکنینی سنووری (EES) دەخرێتە گەڕ کە ڕێکارەکان بۆ هەڵگرانی پاسپۆرتی بەریتانی چڕتر دەکاتەوە.
ئەم سیستەمە نوێیە تۆمارکردنی زانیارییە بایۆمەترییەکانی وەک وێنەی دەموچاو و پەنجەمۆری گەشتیاران تێیدا دەبێتە مەرج.
حکوومەتی بەریتانیا ئاماژە بەوە دەکات کە هەرچەندە پڕۆسەی پشکنین بۆ هەر گەشتیارێک تەنیا 1 بۆ 2 خولەک دەخایەنێت، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە کاتی جەنجاڵیدا سەرەی گەشتیاران لەسەر سنوورەکان درێژتر بێتەوە. داواش لە هاووڵاتییان کراوە کە پێشوەختە ڕێنماییەکانی کۆمپانیاکانی گواستنەوە بپشکنن و کاتی زیاتر بۆ گەشتەکانیان تەرخان بکەن تاوەکو تووشی دواکەوتن نەبن.
ئەم گۆڕانکارییانە وەک لێکەوتەیەکی ڕاستەوخۆی جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا (Brexit) دەبینرێن، کە تێیدا هاووڵاتییانی بەریتانی پێگەی جارانیان لەدەستداوە و ئێستا وەک هاووڵاتییانی "وڵاتی سێیەم" مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. سیستەمی نوێی (EES) هەوڵێکی گشتگیری یەکێتیی ئەوروپایە بۆ دیجیتاڵکردنی تەواوەتی سنوورەکانی و کۆنترۆڵکردنی وردتری ماوەی مانەوەی گەشتیارانی دەرەوەی یەکێتییەکە، کە ئامانجی سەرەکی بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەی "شنگن" و ڕێگریکردنە لە مانەوەی نایاسایی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.