Erbil 31°C یەکشەممە 23 ئاب 22:15

دەستەی دەسپاکی عێراق 4 فەرمانبەری بە تۆمەتی بەرتیل و دزینی پارەی خانەنشینان لە نەجەف دەستگیر کرد

100%

دەستەی دەسپاکی عێراق، ڕایگەیاند کە 4 تۆمەتباریان لە بانکێکی حکوومی و فەرمانگەیەکی شارەوانی لە پارێزگای نەجەف دەستگیر کردووە، کە تێوەگلاون لە تاوانەکانی بەرتیل و دزینی پارەی گشتی.

ئەمڕۆ یەکشەممە 23ـی ئاب، دەستەی دەسپاکی عێراق ڕایگەیاند: تیمی لێکۆڵینەوەی نەجەف لە ئەنجامی بەدواداچوونەکانیان لە لقێکی بانکی ڕەشید دەرکەوتووە کە چەند فەرمانبەرێک بۆ ماوەی چەندین ساڵ مووچەی خانەنشینێکی کۆچکردوویان دزیوە. لەسەر ئەم دۆسیەیە، 2 فەرمانبەری ژن دەستگیر کراون و فەرمانی دەستگیرکردنیش بۆ 2 فەرمانبەری دیکە دەرچووە.

لە چالاکییەکی دیکەدا، تیمەکانی دەستەی دەسپاکی 2 فەرمانبەری یاسایییان لە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی نەجەف لە کاتی وەرگرتنی بەرتیل دا دەستگیر کرد. تۆمەتبارەکان بەڵێنیان بە کەسێک داوە کە دۆسیەیەکی سزایی لە دژی دابخەن، کە پەیوەست بووە بە ساختەکردنی بارکۆدی نووسراوێکی تملیککردنی زەوی بەپێی بڕیاری ژمارە 20ـی ساڵی 2025.

دادوەری لێکۆڵینەوەی نەجەف بڕیاری داوە تۆمەتبارەکان بەپێی ماددەکانی 315 و 307 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕابگیرێن، تاوەکو تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان و ڕەوانەکردنیان بۆ دادگا.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.