بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی کوردی لە کەرکووک ڕایگەیاند، کە بڕیاری نوێی پەروەردەی گشتیی کەرکووک سەبارەت بە پۆشاکی یەکپۆشی، قوتابخانە کوردییەکان ناگرێتەوە و ئەوان پابەندی ڕێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبن.
کامەران عەلی، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی لەبارەی پۆشاکی یەکپۆشی قوتابییان بڵاوکردەوە.
ئەم ڕوونکردنەوەیە دوای ئەوە دێت کە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی کەرکووک، نووسراوێکی ئاراستەی سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن کردبوو بۆ پابەندبوون بە پۆشاکی یەکپۆشیی ساڵی ڕابردوو. لای خۆشییەوە بەشی خوێندنی کوردی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لە ناوەڕۆکی نووسراوەکە ئاگادار کردەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، دوای هەماهەنگی و پەیوەندی لە نێوان هەردوو وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی کەرکووک، بڕیار درا کە ئەو نووسراوە قوتابخانە و خوێندنگە کوردییەکان ناگرێتەوە.
خوێندنی کوردی ئاگاداری سەرجەم مامۆستایان، قوتابییان و باوانیان دەکاتەوە، کە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، پابەندی هەمان ئەو بڕیار و ڕێنماییانەی یەکپۆشی دەبن کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەرچوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.