پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە سنووری ناحیەی دێرەلووک، گەنجێکی تەمەن 28 ساڵی خەڵکی بەغدا لە کاتی گەشتکردندا خنکا، ئەمەش دووەم حاڵەتی خنکانی گەشتیارانە کە تەنها لە ماوەی ئەمڕۆدا لە سنووری قەزای ئامێدی تۆمار دەکرێت.
: پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 1ی ئابی 2026، مەسعوود تاهیر، یاریدەدەری بەڕێوەبەری تەندروستیی ئامێدی بە بەشار عەلی پەیامنێری (کوردستان تیڤی) ڕاگەیاند: گەشتیارێکی عەرەب بەناوی (عومەر عەبدولسەتار) لە ڕووباری گەلیی "شێرانە" لە سنووری ناحیەی دێرەلووک خنکا.
بەگوێرەی گوتەکانی مەسعوود تاهیر، ئەو گەنجە تەمەنی 28 ساڵ بووە و دانیشتووی شاری بەغدایە، بە مەبەستی بەسەربردنی کاتی پشوو لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانی ڕووی لە ناوچە گەشتیارییەکانی دەڤەری ئامێدی کردبوو، بەڵام بەداخەوە تووشی ئەم ڕووداوە بووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا، کە تەرمی گەشتیارەکە لە ئاوەکە دەرهێنراوە و ڕەوانەی پزیشکی دادی ئامێدی کراوە بە مەبەستی ئەنجامدانی پشکنینە یاساییەکان.
تەندروستیی ئامێدی جەختی کردەوە، کە دوای تەواوبوونی پشکنینەکان، تەرمەکە ڕادەستی کەسوکاری دەکرێتەوە تاوەکو بەرەو زێدی خۆی لە شاری بەغدا بگەڕێندرێتەوە. جێی باسە هەر ئەمڕۆ گەشتیارێکی دیکەش لە سنووری قەزای ئامێدی خنکاوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.