سەرۆک بارزانی پێشوازی لە كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر کرد بەبۆنەی كۆتاییهاتن بە ئەركەكانی و ناساندنی كونسوڵی گشتیی نوێی وڵاتەكەی.
ڕۆژی شەممە 1ی ئابی 2026 سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئەلبرێشت فۆن ڤیتكە كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر كرد.
لە دیدارەكەدا كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر كە بەبۆنەی كۆتاییهاتن بە ئەركەكانی و ماڵئاواییكردن و ناساندنی كریستیان ئولفكە كونسوڵی گشتیی نوێی وڵاتەكەی لە هەولێر سەردانی سەرۆک بارزانیی كردبوو، سەرەتا بەبۆنەی چل و سێیەمین ساڵیادی ئەنفالی بارزانییەكان پرسە و هاوخەمیی خۆی بە سەرۆک بارزانی ڕاگەیاند و ئەو كارەساتەی بە یادەوەرییەكی تاڵ لە مێژووی گەلی كوردستان وەسفكرد. هەروەها سوپاسی حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستانی كرد كە لە ماوەی كاركردنیدا لە هەولێر لەگەڵی هاوكار و هەماهەنگ بوونە و كاركردنی لە هەرێمی كوردستان بە ئەزموونێكی دەوڵەمەند لەقەڵەم دا.
ئەلبرێشت فۆن ڤیتكە، وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا هیوای خواست ئەو پەیوەندییانە بەردەوام بن و جەختیشی لە بەردەوامیی پشتیوانیی وڵاتەكەی لە كاركردن و هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی هەرێم و هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا كردەوە.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ ئەلبرێشت فۆن ڤیتكە، بەخێرهاتنی كریستیان ئولفكە كونسوڵی نوێی ئەڵمانیاشی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەرك و كارەكانیدا. هەروەها سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەڵمانیای كرد كە لە ڕۆژانی تەنگانە و شەڕی تیرۆریستاندا پشتیوانی پێشمەرگە و گەلی كوردستان بوونە و خوازیاری قووڵكردنەوە و پەرەپێدانی پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان هەردوولا لە بوارە جیاجیاكان بوو.
لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و هەروەها گۆڕانكاری و گرژییەكانی ناوچەكە و مەترسییەكانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و توندڕۆیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
پڕۆسەی سیاسیی هەرێم و دۆخی كورد لە سووریا و پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.