Erbil 31°C یەکشەممە 02 ئاب 02:46

پارێزگای هەولێر: قۆناغی دووەمی پڕۆژەی ستراتیجیی ئاوی قورسی هەولێر دەست پێ دەکات

100%

پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، قۆناغی دووەمی ڕیسایکلینی ئاوی قورسی هەولێر لە گەڕەکی عەرەبکەند، توانای چارەسەریی ئاو دەگەیەنێت بە زیاتر لە 262 هەزار مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا، کە لەسەر ڕووبەڕی 60 دۆنم زەوی جێبەجێ دەکرێت. هاوکات هەلی کاریشی بۆ 2 هەزار کارمەند ڕەخساندووە.

ڕۆژی شەممە 1ـی ئاب، پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: کارکردن لەسەر قۆناغی دووەمی پڕۆژەی چارەسەری ئاوی قورسی هەولێر لە گەڕەکی عەرەبکەند بە هەمان تەکنەلۆجیای قۆناغی یەکەم، واتە Activated Sludge، بەردەوامە، لە ماوەی یەک مانگی دەستپێکردنی قۆناغی دووەم، %10 پڕۆژەکە جێبەجێکراوە و پێشبینی دەکرێت قۆناغی دووەم لە کۆتای مانگی ئاداری 2028 کۆتایی پێبێت.

پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، دوای تەواوبوونی ئەم قۆناغە، توانای چارەسەریی ئاوی قورسی هەولێر بۆ 210 هەزار مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا بەرز دەبێتەوە. ئەمەش لەگەڵ توانای قۆناغی یەکەم، کۆی گشتی توانای چارەسەریی ئاوی قورسی پایتەخت دەگەیەنێت بە 262 هەزار و 500 مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا و قۆناغی دووەمی پڕۆژەکە، دەرفەتی کاری بۆ نزیکەی دوو هەزار کارمەند دابین کردووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: وێستگەی ڕیسایکلینی ئاوی قورسی هەولێر، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیجی و هەنووکەییەکانی کابینەی نۆیەم، کە ئامانج لێی چارەسەر و خاوێنکردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆکانی هەولێرە بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی بە مەبەستی ئاودێری و کشتوکاڵ و پاراستنی ئاوی ژێرزەوی. وێستگەکە بە تەکنەلۆجیایەک کاری پێدەکرێت کە تەنیا لە وڵاتی ژاپۆن هەیە و ئێستا لە قۆناغی دووەمیەتی.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.