Erbil 31°C یەکشەممە 02 ئاب 00:01

هەولێر.. قیرتاوکردنی شەقامەکانی کەرتی 8 هەزاری گەڕەکی فەرمانبەران دەستی پێ کرد

100%

پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، بەگوژمەی  زیاتر لە 600 ملیۆن دینار دەست بە قۆناغی سێیەمی پڕۆژەی قیڕتاوکردنی چەند شەقامێکی کەرتی 8 هەزاری گەڕەکی فەرمانبەران کرا.

ڕۆژی شەممە 1ـی ئاب، پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەردەوامی پەرەپێدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و گرنگیدان بە ژێرخانی هەولێری پایتەخت، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە یاوەری کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە بەڕێوەچوونی کارەکانی قۆناغی سێیەمی پڕۆژەکە، قیڕتاوکردن و دروستکردنی شەقامێکی سەرەکیی 30 مەتری و چەند شەقامێکی ناوخۆیی لە کەرتی 8 هەزاری گەڕەکی فەرمانبەرانی بەسەرکردەوە.

پڕۆژەکە بە گوژمەی 609 ملیۆن دینار لە سەر داهاتی 15%ـی سەرۆکایەتیی شارەوانی دەست بە جێبەجێکردنی کراوە کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی قەرەباڵغیی هاتوچۆ، ئاسانکاری بۆ جووڵەی هاووڵاتییان و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکانە لەو گەڕەکەدا.

لە کاتی بەسەرکردنەوەی پڕۆژەکە، پارێزگاری هەولێر، ستایشی خێرایی و کوالیتی کارەکانی کرد و دەستخۆشی لە تیمی جێبەجێکار و ئەندازیارانی سەرپەرشتیار کرد، هاوکات پیرۆزبایی لە دانیشتووانی گەڕەکەکە کرد بەبۆنەی گەیشتنی ئەم خزمەتگوزارییانە بۆ ناوچەکەیان.

پارێزگاری هەولیر دووپاتی کردەوە، کاروانی ئاوەدانی لێرە ناوەستێت و سەرجەم گەڕەک و کۆڵانەکانی تری هەولێری پایتەخت بەپێی پلان و بودجەی بەردەست لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان سوودمەند دەبن.

پڕۆژەکە پێکهاتووە لە شەقامێکی سەرەکیی 30 مەتری و 10 شەقامی ناوخۆیی بە درێژایی 2,200 مەتر، هەروەها کردنەوەی شەقامەکان و فەرشکردنی تێکەڵە بە ڕووبەری 24,000 مەتر دووجا و بڕی قیڕتاوکردنی شەقامەکان بە ڕووبەری 19,000 مەتر دووجا.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.