میدیاکانی ئەمریکا لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای واشنتنەوە بڵاویان کردووەتەوە کە ئەمریکا هێزەکانی بۆ هێرشێکی چڕی دوو هەفتەیی بۆ سەر بنکە مووشەکییەکان و ژێرخانی وزەی ئێران ئامادە کردووە. هاوکات دۆناڵد ترەمپ بە جدی تاوتوێی دەرکردنی فەرمانی دەستپێکردنی ئەم هێرشە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەکات کە پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا ئەنجام بدرێت.
تۆڕی میدیایی (سی ئێن ئێن)ـی ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای ئاگاداری ئەمریکییەوە بڵاوی کردەوە، ئامادەکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئەنجامدانی هێرش لە دژی ئێران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا خێراتر بوونەتەوە.
تۆڕەکە لە زاری ئەو بەرپرسانەوە گواستوویەتییەوە کە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) بژاردەکانی خۆی ئامادە کردووە و هێزەکانی بۆ فراوانکردنی بازنەی جەنگەکە ئامادەیە، بە شێوەیەک کە ئەنجامدانی بۆردومانێکی چڕی دوو هەفتەیی لە دژی پێگە و بنکەکانی مووشەکی ئێران لەخۆدەگرێت.
هەروەها، تۆڕی میدیایی (سی بی ئێس نیوز) لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاوی کردەوە، کە ئەمریکا و ئیسرائیل بەنیازن هێرش بکەنە سەر چەند ئامانجێکی ژێرخانی وزە لە ئێراندا.
دواتر، ماڵپەڕی (ئەکسیۆس) لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکییەوە گواستییەوە: "دۆناڵد ترەمپ بە جیدی تاوتوێی دەرکردنی فەرمانێک دەکات لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر دامەزراوەکانی وزە لە ئێران، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی بۆ جێبەجێکردنی ئەم کارە دەرنەکردووە".
ئەو بەرپرسانە ئاماژەیان بەوەش کردووە کە ئەمریکا پلانی هەیە بۆ ئەنجامدانی هێرشی نوێ لە دژی ئێران لە زووترین کاتدا، کە ڕەنگە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.