Erbil 31°C سێشەممە 28 تەمووز 22:34

تاران باڵیۆزی فەڕەنسای بانگهێشت کرد

Kurdistan Ahmed
100%

وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕۆژی دووشەممە 27ی تەممووزی 2026، ڕایگەیاند کە باڵیۆزی فەڕەنسایان لە تاران بانگهێشت کردووە، بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بەوەی کە وەک "دەستوەردانی فەڕەنسا لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەیان" وەسفیان کردووە.

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "دوێنێ باڵیۆزی فەڕەنسا بۆ وەزارەتی دەرەوە بانگهێشت کرا و جەختمان لەوە کردەوە کە پێویستە حکومەتی فەڕەنسا کۆتایی بەم جۆرە ڕەفتار و دەستوەردانانە بهێنێت کە لە ژێر ناوی چەواشەکارانەدا ئەنجام دەدرێن." بەقایی ئاماژەی بەوەش کرد کە دوو دیپلۆماتی فەڕەنسی "بە پاساوی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی، دەستوەردانیان لە کاروباری ناوخۆی ئێراندا کردووە،" ئەمەش بە گوتەی ئەو، پێشێلکردنی ڕێککەوتنامەی ڤیەننایە بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان (ساڵی 1961).


لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا هەر هەمان ڕۆژ وەڵامی تۆمەتەکانی تارانی دایەوە و ڕایگەیاند: "ئێمە هیچ سەرنج و کۆمێنتێک لەسەر سەرکێشییەکانی (Provocations) ئێران نادەین، چونکە ڕاستییەکان وەک خۆیان ڕوون و ئاشکران."

ئەم ئاڵۆزییە دیپلۆماسییە دوای ئەوە دێت کە لە 20ی تەممووزدا، جان نوێڵ بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، ئاشکرای کردبوو کە دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوو دیپلۆماتی وڵاتەکەیان کردووەتە ئامانج و ڕووبەڕووی "کردەوەیەکی ترساندنی زۆر مەترسیدار" بوونەتەوە. بارۆ ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئەو دوو دیپلۆماتە بۆ چەند کاتژمێرێک بێ هیچ هۆکارێک دەستگیر کراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە، تەنانەت یەکێکیان "دووچاری هێرشی جەستەیی" بووەتەوە پێش ئەوەی ڕێگەیان پێ بدرێت بگەڕێنەوە بۆ باڵیۆزخانەکەیان.

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە کە ئەم شەڕە دیپلۆماسییەی نێوان پاریس و تاران، پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات بەرەو قۆناغێکی ئاڵۆزتر دەبات، لە کاتێکدا کە بارودۆخی ناوچەکە بە گشتی لەژێر بارگرژییەکی توندی سەربازی و سیاسی دایە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.