دادگای لێکۆڵینەوەی نەجەف، ئەمڕۆ دووشەممە (27ی تەممووزی 2026)، دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی ڕاگەیاند کە ناوی نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و لێژنەی ناوەندیی دژەگەندەڵی بەکارهێناوە بۆ هەڕەشەکردن و وەرگرتنی پارە لە بەرپرسانی پارێزگاکە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق، تۆمەتبارەکە خۆی وەک فەرمانبەر لە نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و لێژنەی دژەگەندەڵی لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران ناساندووە، بە مەبەستی وەرگرتنی سەرانە و هەراسانكردنی بەڕێوەبەری تۆمارکردنی خانووبەرەی نەجەف.
دادوەرێکی پسپۆڕ ڕوونی کردەوە کە تۆمەتبارەکە پەیوەندیی تەلەفۆنیی بە بەڕێوەبەری تۆمارکردنی خانووبەرەوە کردووە و بانگەشەی ئەوەی کردووە کە لە کۆبوونەوەدایە لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بۆ واژۆکردنی چەند نووسراوێک. تۆمەتبارەکە بە بەڕێوەبەرەکەی ڕاگەیاندووە کە ناوی لە لیستی ئەو کەسانەدایە کە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە، بەڵام دەتوانێت بەرامبەر بڕێک پارە، فەرمانەکە هەڵوەشێنێتەوە.
لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە ئەمە یەکەمین کاری ئەو تۆمەتبارە نەبووە؛ بەڵکو پێشتریش بە هەمان شێواز و بە ناوی دامەزراوە باڵاکانی دەوڵەتەوە، هەڕەشەی لە بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف و بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای پارێزگاکە کردووە و پارەی لێ وەرگرتوون.
دادگای نەجەف جەختی کردەوە کە دوای کۆکردنەوەی بەڵگە وردەکان، توانیویانە شوێنی تۆمەتبارەکە دیاری بکەن و دەستگیری بکەن. لە ئێستادا گوتەی یاسایی لێ وەرگیراوە و دانی بە تاوانەکانیدا ناوە، بڕیاریشە دوای تەواوبوونی ڕێکارەکان ڕەوانەی دادگای تایبەتمەند بکرێت تاوەکو بەپێی یاسا سزا بدرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.