Erbil 31°C دووشەممە 27 تەمووز 22:34

لە 10 ڕۆژدا هەزار تووشبووی نوێی ئیبۆلا لە کۆنگۆ تۆمار کران

100%

کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ ڕووبەڕووی تەشەنەسەندنێکی خێرای ڤایرۆسیئیبۆلا بووەتەوە و ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تەنیا لە ماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوودا نزیکەی 1000 تووشبووی نوێ تۆمار کراون.

بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەکان کە ڕۆژی یەکشەممە بڵاوکراونەتەوە، کۆی گشتیی تووشبووان بە ڤایرۆسی ئیبۆلا لەو وڵاتە گەیشتووەتە 3,075 کەس، لەو ژمارەیەش تا ئێستا 1,354 کەس گیانیان لەدەستداوە. ئەم هەڵکشانە لە کاتێکدایە کە تاوەکو 15ی تەممووز ژمارەی تووشبووان تەنیا 2,000 کەس بووە.

ناوچە گەرمەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، پارێزگای ئیتۆری لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کۆنگۆ و ناوچە سنوورییەکانی باشووری سوودان و ئۆگاندا، بریتین لە ناوەندی سەرەکیی بڵاوبوونەوەی پەتاکە و نزیکەی 90%ـی کۆی تووشبووانی لێ تۆمار کراوە. هاوکات، پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی لە چەند نەخۆشخانەیەکی ئەو پارێزگایە مانیان گرتووە بەهۆی وەرنەگرتنی مووچەکانیان، ئەمەش پڕۆسەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکەی ئاڵۆزتر کردووە.

پەیداکردنی ڤاکسین و چارەسەر کۆنگۆ لە 15ـی ئایاری ئەمساڵەوە 17هەمین شەپۆلی بڵاوبوونەوەی ئیبۆلای ڕاگەیاندووە، کە لە جۆری بۆندیبۆگیۆیە و تا ئێستا هیچ ڤاکسین یان چارەسەرێکی پەسەندکراوی بۆ نییە. بەڵام هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بەردەوامن و ڕۆژی هەینی ڕابردوو یەکەم خۆبەخش ڤاکسینێکی تاقیکاریی وەرگرت کە لەلایەن زانکۆی ئۆکسفۆردەوە پەرەی پێدراوە.

مێژووی ڤایرۆسەکە لە کۆنگۆ ڤایرۆسی ئیبۆلا لە ڕێگەی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ و شلەمەنییەکانی جەستەوە دەگوازرێتەوە و دەبێتە هۆی تایەکی خوێنبەربوونی کوشندە. لە ماوەی 50 ساڵی ڕابردوودا، ئەم ڤایرۆسە ژیانی زیاتر لە 15,000 کەسی لە کیشوەری ئەفریقا بردووە. جێی ئاماژەیە کە خوێناویترین شەپۆلی ئەم ڤایرۆسە لە نێوان ساڵانی 2018 بۆ 2020 بوو، کاتێک بووە هۆی گیانلەدەستدانی 2,300 کەس.

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.