هێزەکانی پۆلیسی ڕاپەڕین لە ماوەیەکی پێوانەییدا توانییان دوو تۆمەتبار دەستگیر بکەن، کە هاووڵاتییەکیان ڕفاندبوو و دوای ئەشکەنجەدانێکی زۆر، هەڕەشەی کوشتنیان لێ کردبوو.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ی تەممووزی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاشکرای کرد، کە مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی حاجیاوە توانیویانە دوو تۆمەتبار بە ناوەکانی (ا.خ.م) و (ا.م.ک) دەستگیر بکەن.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، دەستگیرکردنی ئەو دوو تۆمەتبارە دوای ئەوە هات کە هاووڵاتییەک بەناوی (ب.ب.ا) دانیشتووی قەزای حاجیاوە، سکاڵای یاسایی تۆمار کردووە و ڕایگەیاندووە کە لەلایەن ئەو دوو کەسەوە ڕفێندراوە. سکاڵاکار ئاماژەی بەوەش کردووە کە تۆمەتباران دوای ڕفاندنی، ئەشکەنجەیەکی زۆریان داوە و هەڕەشەی کوشتنیان لێ کردووە ئەگەر بێت و پەنا بۆ دامەزراوە ئەمنییەکان ببات.
پۆلیسی حاجیاوە جەختی کردەوە، کە دوای وەرگرتنی فەرمانی دادوەر، توانیویانە لە کەمتر لە کاتژمێرێکدا شوێنی تۆمەتباران دیاری بکەن و دەستگیریان بکەن. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە تۆمەتباران لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە.
لە ئێستادا هەردوو تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەی 422 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ ڕێکخراوە تاوەکو ڕووبەڕووی سزای یاسایی ببنەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.