ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە مەبەستی پیشاندانی پاڵپشتی بۆ سووریا لە قۆناغی گواستنەوەدا، گەیشتە دیمەشقی پایتەختی ئەو وڵاتە.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی شەممە 25ی 7ی 2026، گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق، ئەمەش وەک وەرچەرخانێکی گەورە لە پەیوەندییەکانی نێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی سووریا هەژمار دەکرێت. ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا (سانا) ڕایگەیاند کە ئامانجی سەرەکیی ئەم سەردانە بریتییە لە پیشاندانی پاڵپشتیی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکە بۆ سووریا لەم "قۆناغی گواستنەوە" هەستیارەی کە وڵاتەکە پێیدا تێپەڕ دەبێت، ئەوەش دوای زیاتر لە 13 ساڵ لە شەڕێکی ناوخۆیی وێرانکەر کە بووە هۆی کوژران و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس.
لە کاتی گەیشتنی بۆ فڕۆکەخانەی دیمەشق، ئەسعەد شەبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، بە فەرمی پێشوازی لە گووتێرێش و شاندە یاوەرەکەی کرد. ئەم سەردانە لە کاتێکدا دێت کە سووریا هەوڵ دەدات لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە پێگەی خۆی لە ناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بگەڕێنێتەوە، بەتایبەت دوای ئەو پێشکەوتنانەی
لە ماوەی ڕابردوودا لە بواری ئاسایشی و سیاسی بەدەستهاتوون. چاوەدێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئامادەبوونی کەسی یەکەمی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ناو جەرگەی دیمەشق، پەیامێکی بەهێزە بۆ جیهان کە سووریا بەرەو قۆناغی "دوای جەنگ" و ئاوەدانکردنەوە هەنگاو دەنێت.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان،لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X نووسیویەتی: "پەیامەکەم ڕوونە؛ نەتەوە یەکگرتووەکان لەم ساتە گرنگ و یەکلاکەرەوەیەدا لەگەڵ سووریا دەوەستێت."
ئەمە یەکەم سەردانی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ سووریا لە دوای سەردانەکەی بان کی مۆن، سکرتێری پێشووی ڕێکخراوەکە لە ساڵی 2010، واتە پێش تەنها یەک ساڵ لە دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان و تێچوونی دۆخی وڵاتەکە. بۆ ماوەی 16 ساڵ، هیچ بەرپرسێکی ئەم ئاستە سەردانی سووریای نەکردبوو، ئەمەش وایکردووە ئەمڕۆ وەک ڕۆژێکی مێژوویی لە ئەجێندای دیپلۆماسیی ناوچەکەدا تۆمار بکرێت. گووتێرێش دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم جووڵەیەوە، ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پڕۆسەی ئاشتی و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکاندا کارا بکاتەوە.
بڕیارە لە میانی مانەوەیدا، گووتێرێش لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسیی سووریا کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی چەندین دۆسیەی هەستیار، لەوانە: گەڕانەوەی ئاوارەکان، چۆنیەتی دابینکردنی بودجەی نێودەوڵەتی بۆ ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانە وێرانبووەکان، و گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی سیاسیی هەمیشەیی کە گەرەنتی سەقامگیری بکات. ئەم سەردانە دوای ئەوە دێت کە لە چەند مانگی ڕابردوودا سووریا توانی ماف و ئیمتیازاتەکانی لە ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی (OPCW) وەربگرێتەوە، کە ئەمەش ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەم جووڵە دیپلۆماسییە ئاستبەرزەی نەتەوە یەکگرتووەکان. جیهان ئێستا بە وردی چاودێری دەرەنجامەکانی ئەم دیدارە دەکات تاوەکو بزانرێت ئایا نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت سووریا لە قۆناغی جەنگەوە بۆ قۆناغی گەشەپێدانی ئابووری ڕابکێشێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.