Erbil 31°C ھەینی 24 تەمووز 01:53

ئیسرائیل دەستی بە ئامادەكارییەكان كردووە و چاوەڕێی ئاماژەیەكی ترەمپ دەكات

100%

دەستەی پەخشی ئیسرائیلی ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوی كردەوە، سوپای وڵاتەكەی ئاستی ئامادەكارییەكان لە هێزی ئاسمانی و هەواڵگریی سەربازیدا بۆ ئەوپەڕی بەرزکردۆتەوە، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری دەستپێكردنەوەی شەڕ و هێرشەكان بۆ سەر ئێران، بۆ ئەم مەبەستەش چاوەڕێی هەڵكردنی گلۆپی سەوزە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكاوە.

بەپێی سەرچاوەكە، ئێستا ئیسرائیل چاوەڕێی هەڵكردنی گڵۆپی سەوز و ئاماژەیەكە لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاوە بۆ دەستپێكردنەوەی هێرشەكان، بەڵام ئەمجارە دەیەوێت ئەو ناوچانە بکاتە ئامانج کە پێشتر هێرشیان نەکراوەتە سەر.

لەلایەکی دیکەوە سەرچاوە ئیسرائیلییەکان جەخت لەوە دەكەنەوە کە ئەگەر سەرۆکی ئەمریکا ڕێگە بە ئیسرائیل بدات هێرش بکاتە سەر ئێران، ئەوا تەلئەڤیڤ بەتەواوی ئامادەیە بۆ دەستپێكردن.

واتە ئێستا ئیسرائیل تەنیا چاوەڕێی بڕیارێكی ترەمپ دەکات بۆ دەستپێكردنەوەی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران، بەڵام لەبەرامبەر ئەمەشدا وڵاتانی کەنداو تا ئێستا بەتوندی دژی ئەو هەنگاوەن.

ترەمپ تاكو ئێستا بڕیاری کۆتایی لەبارەی دووبارە هاتنەوەی ئیسرائیل بۆ ناو بازنەی شەڕ نەداوە، ڕەنگە سەرەتا بە شێوازی پلە بەپلە هێرشەکانی خۆیان زیاتر بکات، پاشان تاوتوێی ڕێگەدان بە ئیسرائیل بکات بۆ بەشداری لە هێرشەکاندا.

لەلایەكی دیكەوە بڕیارە سبەی هەینی بنیامین نەتانیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکی ئەمنی بەپەلە ئەنجام بدات، دواتریش ڕۆژی یەکشەممە ئەنجوومەنی وەزاریی سیاسی و ئەمنیی ئیسرائیل کۆدەبێتەوە.

هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ڕێنمایی دابووە ئیسرائیل کە تاوەکو ئێران تەقە ئاڕاستەی خاکی ئیسرائیل نەکات، ئەوانیش هێرش نەکەنە سەر خاکی ئێران، بەڵام پێدەچێت ئێستا کارکردن بەو ڕێنماییە کۆتایی هاتبێت و ئەگەری هەیە لە ماوەیەكی كورتی داهاتوودا ترەمپ داوا لە ئیسرائیل بکات بەشدار بێت لە هەوڵە سەربازییەکانی ئەمریکا و هێرش بباتە سەر ئامانجەکان لە ناو ئێراندا، تەنانەت ئەگەر تاران هیچ هێرشێکیش ئەنجام نەدات.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.