Erbil 31°C چوارشەممە 22 تەمووز 17:03

سوپای ئوردن: 4 مووشەکی ئێرانمان تێکشکاند و 2 مووشەکی دیکەش لە ناوچەی چۆڵ کەوتوونەتە خوارەوە

100%

فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئوردن ڕایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان ڕووبەڕووی 6 مووشەک بووەتەوە کە لە خاکی ئێرانەوە بەرەو ئاسمانی شانشینی ئوردن ئاراستە کرابوون.

ئەمڕۆ چوارشەممە 22ـی تەمووز، سەرچاوەیەکی سەربازیی بەرپرس لە سوپای ئوردن ڕایگەیاند: سیستەمی بەرگریی ئاسمانی توانیویەتی 4 مووشەک لە ئاسماندا تێکبشکێنێت و بخاتە خوارەوە، هاوکات 2 مووشەکەکەی دیکە لە ناوچەی دوورەدەست و چۆڵ لە دانیشتووان کەوتوونەتە خوارەوە.

بەپێی زانیارییەکانی سوپا، ئەو مووشەکانەی کەوتوونەتە خوارەوە هیچ زیانێکی گیانی و ماددییان لێ نەکەوتووەتەوە. دوای ڕووداوەکەش، تیمەکانی فەرماندەیی ئەندازیاریی شاهانە گەیشتوونەتە شوێنی کەوتنی مووشەک و پاشماوەکانیان، بە مەبەستی پاککردنەوە و دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی ناوچەکە بەپێی ڕێکارە تەکنیکی و ئەمنییەکان.

هێزە چەکدارەکانی ئوردن جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئاسمانی وڵاتەکەیان لەژێر چاودێرییەکی ورد و بەردەوامدایە، هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەپێی یاساکانی بەرگری، ڕووبەڕووی هەر هەڕەشەیەک دەبنەوە کە سەروەریی خاکی ئوردن و سەلامەتی هاووڵاتییانی بخاتە مەترسییەوە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.