دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستبەسەرداگرتنی وەرشەیەکی دروستکردنی درۆن و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە سەنتەری بەغدای پایتەختی ڕاگەیاند، لە كاتی دەستبەسەرداگرتنی وەرشەكە هەروەها 25 هەیكەلی فڕۆکە و کۆمەڵێک ئامێر و کەلوپەلی تایبەت بۆ بەرهەمهێنانی درۆنیش دەستی بەسەردا گیرا.
دەزگاكە ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە دوای هەوڵێکی هەواڵگریی ورد، لە ئۆپڕاسیۆنێكدا توانراوە هەوڵێک بۆ دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ناو شاری بەغدا پووچەڵ بکرێتەوە و سێ تۆمەتباری پەیوەندیدار بەم چالاکییە دەستگیر بكرێن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: هەر لەو ئۆپراسیۆنەدا دەست بەسەر 25 هەیکەلی درۆن و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەندان کەلوپەلی بەرهەمهێنان و دروستكردنی درۆن دەستیان بەسەردا گیرا.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق جەختیشی كردەوە كە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی ئەگەری پەیوەندیی ئەم چالاکییە بە هەر پلانێک بۆ بەئامانجگرتنی شوێنێك لە ناوخۆی عێراق، بە مەبەستی ڕەوانەکردنی تۆمەتباران بۆ دادگا تا سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەربگرن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.