پارێزگاری دهۆک پێشوازیی لە شاندێکی باڵای یەکێتیی تۆپی پێی جامی کەنداوی عەرەبی کرد و ئامادەکارییەکای پارێزگاکەی بۆ میوانداریکردنی یاریی جامی سوپەری کەنداو خستەڕوو.
ئەمڕۆ دووشەممە 20ـی تەمووز، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک پێشوازیی لە جاسم سوڵتان ئەلڕومێحی، ئەمینداریی گشتیی یەکێتیی تۆپی پێی جامی کەنداوی عەرەبی، ئەحمەد عەبدولعەزیز، بەڕێوەبەری کارەکان، د. عەبدوڵا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک و شاندی یاوەریان کرد.
لە دیدارێکدا، تیشک خرایە سەر دواین ئامادەکارییەکانی پارێزگای دهۆک بۆ میوانداریکردنی پاڵەوانێتیی کۆپا سوپەری کەنداوی عەرەبی. شاندی میوان سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی ئیدارەی پارێزگای دهۆک، دەستەی کارگێڕیی یانەی دهۆک و سەرجەم دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کرد بۆ ئەو پێشوازی و ئامادەکارییە بەرزانەی کە کردوویانن.
لای خۆشییەوە، پارێزگاری دهۆک هیوای خواست کە پاڵەوانێتییەکە، بەتایبەت یاریی نێوان هەردوو یانەی دهۆک و یانەی ڕەیانی قەتەری کە بڕیارە لە ڕێکەوتی 13ـی ئابی 2026 بەڕێوەبچێت، بەشێوازێکی شایستە و سەرکەوتووانە ئەنجام بدرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.