Erbil 31°C پێنجشەممە 16 تەمووز 07:01

لێژنەی دارایی پەرلەمان داوای پەسەندکردنی "حیساباتی کۆتایی" ساڵانی 2012 بۆ 2015 دەکات

Kurdistan Ahmed
100%

لێژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە فەرمی داوای لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد کە پڕۆژەیاسای پەسەندکردنی حیساباتی کۆتایی بۆ ساڵانی دارایی 2012، 2013، 2014 و 2015 بخاتە بەرنامەی کارەوە بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوەی یەکەم.

بەپێی نووسراوێکی فەرمیی لێژنەی دارایی کە لە ڕێکەوتی 15ی تەمووزی 2026 دەرچووە و واژۆی عوده‌ی عەواد ئەلحسێن سەرۆکی لێژنەکەی لەسەرە، داوا لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراوە کە بەپێی ماددەی 23ی یاسای ئەنجوومەنی نوێنەران ژمارە 13ی ساڵی 2018، ئەم پڕۆژەیاسایە بۆ دانیشتنەکانی داهاتوو جێگیر بکرێت. ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێکی یاسایی دەبینرێت بۆ شەفافکردنی دۆسیە داراییە هەڵپەسێردراوەکانی زیاتر لە دە ساڵی ڕابردووی وڵات.

ئەم جوولە پەرلەمانییە لە کاتێکی هەستیاردا دێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی دۆسیەی دیارنەمانی 140 ملیار دۆلار لە داهاتەکانی عێراق بووەتە جێگەی بایەخی ڕای گشتی. گەڕانەوە بۆ وردبینیکردن و پەسەندکردنی حیساباتی کۆتایی ئەو ساڵانەی کە عێراق تێیدا ڕووبەڕووی جەنگ و ئاڵۆزیی گەورە بووەوە، دەتوانێت پەردە لەسەر چۆنییەتی خەرجکردنی ملیاران دۆلار لابدات کە لە لایەن حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئەو سەردەمەوە بەکار هێنراون.

چاودێرانی سیاسی پێیانوایە کە ئیدارەی ترەمپ لە واشنتن لە ڕێگەی فشارەکانییەوە بۆ سەر دامەزراوە داراییەکان، بەغدای ناچار کردووە کە تەواوی دۆسیە داراییە کۆنەکان یەکلا بکاتەوە تاوەکو متمانە بۆ سیستەمی بانکی و خەزێنەی دەوڵەت بگەڕێتەوە. پەسەندکردنی ئەم حیساباتانە لە لایەن پەرلەمانەوە، ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ دەزگا چاودێرییەکان تاوەکو بە وردی بەدوای هەر جۆرە سەرپێچی و بەهەدەردانێکی سامانی گشتیدا بچن کە لەو قۆناغەدا ڕوویداوە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.