Erbil 31°C پێنجشەممە 16 تەمووز 07:01

وەزارەتی جەنگی ئەمریکا: مانگی 9 لە عێراق ئەرکەکانمان تەواو دەبن

Kurdistan Ahmed
100%

وەزارەتی جەنگی ئەمریکا بە فەرمی کاتی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق دیاری کرد و ڕایگەیاند، تاکو کۆتایی مانگی ئەیلوولی داهاتوو، تەواوی ئەرکە سەربازییەکانی هاوپەیمانان لەو وڵاتەدا کۆتایی پێ دێت.

ئەم بڕیارەی واشنتۆن دوای زنجیرەیەک گفتوگۆی چڕی نێوان لیژنە سەربازییە هاوبەشەکان و کۆبوونەوەکەی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپ و عەلی زەیدی لە کۆشکی سپی دێت، کە تێیدا لەسەر خشتەی کاتیی کشانەوەی هێزە بیانییەکان ڕێککەوتن.

وەزارەتی جەنگ ئاماژەی بەوە کردووە کە پەیوەندیی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵات لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکی فرەوانەوە دەگۆڕێت بۆ هاوبەشییەکی ئەمنیی دوولایەنە، کە تێیدا جەخت لەسەر ڕاوێژکاری و پڕچەککردنی هێزە ناوخۆییەکان دەکرێتەوە.

بەپێی پلانی داڕێژراو، لە دوای کۆتاییهاتنی مانگی 9ی ساڵی 2026، بەرپرسیارێتیی یەکەمی پاراستنی ئاسایش و ڕووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش دەکەوێتە سەر شانی سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان. 

حکوومەتی عێراق دووپاتی کردووەتەوە کە هێزە ئەمنییەکانیان گەیشتوونەتە ئاستێکی بەرزی ئامادەیی بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە سەربازییەی کە بەهۆی کشانەوەی هاوپەیمانانەوە دروست دەبێت، هاوکات ئەمریکاش بەڵێنی داوە لە ڕێگەی وەبەرهێنانی ئابووری و هاوکاریی تەکنیکییەوە بەردەوام بێت لە پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی وڵاتەکە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.