وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە فەیسبووک نوسیوەتی:" پێت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەبنە هێزی سەرەکی و بنەڕەتی بۆ ڕابەرایەتیکردنی شەڕی دژی داعش لە قۆناغی دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان.
وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، کە لە میانی پێشوازیکردنی لە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، پێت هێگسێت لە هەژماری فەرمیی خۆی لە پلاتفۆرمی "X" پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا جەختی لەسەر داهاتووی ئەمنیی ناوچەکە کردووەتەوە, هێگسێت ئاماژەی بەوە کردووە کە دوای تەواوبوونی ئەرکی فەرمیی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی (OIR) لە عێراق، بەرپرسیارێتیی یەکەم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دەکەوێتە سەر شانی هێزە ناوخۆییەکان.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە تایبەتی تیشکی خستە سەر ڕۆڵی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان شانبەشانی سوپای عێراق، ئەمەش وەک نیشانەیەک بۆ بەردەوامیی متمانەی واشنتن و هاوپەیمانان بە توانای مرۆیی و سەربازیی هێزی پێشمەرگە لە جەنگی دژی پاشماوەکانی داعشدا. ئیدارەی ترەمپ پێشتر چەندین جار جەختی لەسەر بەهێزکردنی هاوبەشە ناوخۆییەکان کردووەتەوە تاوەکو بتوانن بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئاسایشی وڵاتەکەیان بپارێزن.
لەو دیدارە گرنگەدا کە لە واشنتن بەڕێوەچوو، لیوا ڕوکن محەمەد سەعید وەک نوێنەری حكوومەتی هەرێمی کوردستان بەشداریی کرد، کە تێیدا هەماهەنگییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و واشنتن بۆ قۆناغی دوای کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە کۆتایی مانگی 9ی ساڵی 2026 تاوتوێ کران. ئەم لێدوانانەی وەزیری بەرگریی ئەمریکا دڵنیایی دەداتە هەرێمی کوردستان کە پشتگیرییە سەربازی و ڕاوێژکارییەکان لە چوارچێوەی پەیوەندییە دوولایەنەکاندا بەردەوام دەبن، تەنانەت ئەگەر ئەرکی فەرمیی هاوپەیمانانیش کۆتایی بێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.