بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی سوڵتاننشینی عومان، بە فەرمی ڕایگەیاند کە ئەو کۆبوونەوەیەی کە بڕیار بوو ئەمڕۆ دووشەممە لە سەڵاڵە بەڕێوەبچێت، دواخراوە.
ئەلبوسەعیدی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (X) ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم بڕیارە لە پێناو "گەیشتن بە سازان" دراوە، جەختیشی لەسەر پابەندبوونی عومان کردووەتەوە بۆ بەهێزکردنی دیالۆگ و پشتگیریکردن لە سەقامگیری و هاریکاریی بەردەوام لە ناوچەکەدا.
بڕیار بوو ئەو کۆبوونەوەیە بە بەشداریی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو و ئێران ئەنجام بدرێت. ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە، کەمکردنەوەی گرژییەکان و کردنەوەی کەناڵەکانی دیالۆگی ڕاستەوخۆ بوو لە نێوان تاران و وڵاتانی ناوچەکەدا، ئەوەش لە سایەی ئەو گرژییە سەربازییانەی کە لە مانگی 2ـی ڕابردووەوە لە نێوان ئەمریکا و ئێران سەریانهەڵداوە و پەرەیان سەندووە.
لەو چوارچێوەیەدا، پێشتر شێخ حەمەد بن جاسم بن جبر ئال سانی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی قەتەر، پشتیوانیی خۆی بۆ ئەو کۆبوونەوەیە دەربڕیبوو و جەختی لەوە کردبووەوە کە پێویستە وڵاتانی کەنداو بە شێوەیەکی بەکۆمەڵ و ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران گفتوگۆ بکەن بۆ دەربازبوون لەو قەیرانەی ناوچەکە.
ئەم دواخستنە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیار و ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەڵمەتە سەربازی و ئابوورییەکانی دژی ئێران چڕ کردووەتەوە، هاوکات هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوەکانی وزەی سعوودیە و گرژییەکانی گەرووی هورمز و دەریای سوور بەردەوامن و بوونەتە مایەی نیگەرانیی نێودەوڵەتی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.