ترەمپ هەڕەشەی وەشاندنی گورز لە "کێوی کلەنگ" دەکات و ئێران هۆشداریی وەڵامێکی "وێرانکەر" دەدات
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەڕەشەی وەشاندنی گورزی سەربازیی لە شوێنێکی ستراتیژیی ئێران بە ناوی "کێوی کلەنگ" (جبل الفأس) کرد، و تاران لە بەرامبەردا هۆشداریی دا کە هەر هێرشێک وەڵامێکی "وێرانکەر"ی لێ دەکەوێتەوە کە تێیدا سەربازانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا باجەکەی دەدەن.
ترەمپ لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی (The Hugh Hewitt Show) ڕایگەیاند کە "کێوی کلەنگ" (Pickaxe Mountain) کە بە فارسی بە " کوه کلنگ " دەناسرێت، لە لیستی ئامانجەکاندایە و ئەگەری زۆرە بەم زووانە ئەمریکا بیپێکێت. سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە بارودۆخی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران باش نییە و گوتی: "هەر کاتێک هەواڵێک دەربارەی ئەو شوێنە ببیستین بۆردومانی دەکەین، بۆیە حەز ناکەن باسی بکەن، بەڵام پێدەچێت بەم زووانە گورزێکی توند لە کوه کلنگ بوەشێنین."
لە وەڵامێکی خێرادا، سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنیی ئێران بە تۆڕی (CNN)ی ڕاگەیاند کە هەر جۆرە هێرشێکی ئەمریکا بۆ سەر ئەو شوێنە ڕووبەڕووی پەرچەکردارێکی سەخت دەبێتەوە. سەرچاوەکە هۆشداریی دا کە ئەگەر ترەمپ هەڕەشەکانی جێبەجێ بکات، تاران "وەڵامێکی وێرانکەر" ئاراستەی هێزەکانی ئەمریکا دەکات و جەختی کردەوە کە سەربازانی ئەمریکی لە ناوچەکەدا باجی ئەو هەنگاوە دەدەن. هەروەها ئەو سەرچاوە ئێرانییە بانگەشەکانی ئەمریکای لەبارەی بوونی چالاکیی ئەتۆمی لەو کێوەدا بە "نادروست" وەسف کرد.
" کوه کلنگ " دەکەوێتە باشووری تاران و لە نزیک دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز هەڵکەوتووە. ئەم پێگەیە لە قووڵایی چیاکانی زاگرۆسدا حەفر کراوە و وەک یەکێک لە شوێنە هەرە ستراتیژی و قاییمەکانی حكوومەتی ئێران دادەنرێت کە توانای بەرگەگرتنی هێرشی بەهێزی هەیە. واشنتن گومانی هەیە کە ئێران بەشێکی گرنگی پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای ئەتۆمیی خۆی بۆ ژێر ئەو چیا پارێزراوە گواستبێتەوە تاوەکو لە بۆردومانی فڕۆکە و مووشەکەکان بەدوور بێت، ئەمەش وایکردووە ئەو شوێنە ببێتە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی ململانێی ئێستا لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.