دادگاکانی بەحرێن سزای زیندانیی هەتاهەتایییان بەسەر سێ کەسدا سەپاند، دوای ئەوەی بە تۆمەتی "تێوەگلان لە سیخوڕی" بۆ بەرژەوەندیی ئێران و هاوکاریکردنی سوپای پاسداران تاوانبار کران.
دەسەڵاتدارانی دادوەریی بەحرێن ڕۆژی سێشەممە ڕایانگەیاند، کە سزاکان لە دوو دۆسیەی جیاوازدا دەرچوون و تێیدا تۆمەتباران بە "تەخابور و پەیوەندیی نهێنی لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران" تاوانبار کراون، بە مەبەستی یارمەتیدانی تاران لە ئەنجامدانی کردەوەی توندوتیژی و تێکدانی ئاسایش لە ناو خاکی شانشینی بەحرێن و زیان گەیاندن بە بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات. بەپێی بەیاننامەی داواکاری گشتی، یەکێک لە سزاکان بە شێوەی پاشملە (غیابی) دەرکراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەحرێن وەک هاوپەیمانێکی سەرەکیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، ماوەیەکە ڕووبەڕووی زنجیرەیەک هێرشی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووەتەوە.
ئەم بڕیارانەی دادگا لە کاتێکدایە کە بەحرێن، کە میوانداریی گەورەترین بنکەی دەریایی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەکات، جارێکی تر بووەتەوە بە ئامانجی هێرشەکانی ئێران لە چوارچێوەی ئەو شەڕە نوێیەی کە لە نێوان تاران و واشنتن هەڵگیرساوە. لەوەتەی دەستپێکردنی شەڕی فراوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە 28ی شوباتی ڕابردووەوە، پرۆسەی دەستگیرکردن و دادگاییکردنی ئەو کەسانەی کە گومانی هاوکارییان بۆ ئێران لێدەکرێت یان تەنها پشتگیریی خۆیان بۆ تاران دەربڕیوە، بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە زیادبوون کردووە. ئیدارەی ترەمپ جەخت لەوە دەکاتەوە کە پاراستنی ئاسایشی بەحرێن بەشێکی دانەبڕاوە لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
چالاکوانانی بەحرێنی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم جۆرە ڕێکارە یاسایی و ئەمنییانە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا تەنها ڕوو لە کەسایەتی و هاووڵاتییانی سەر بە مەزهەبی شیعەن، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ بێدەنگکردنی هەر دەنگێکی ناڕەزایەتی دەبینن. بەڵام حكوومەتی مەنامە بە توندی ئەم تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە کە ڕێکارەکانیان لەسەر بنەمای ئاسایشی نیشتمانی و یاسا نێودەوڵەتییەکانە و هیچ پەیوەندییەکی بە ئینتیمای ئایینیی کەسەکانەوە نییە. ئەم پێشهاتانە نیشانەی توندبوونەوەی زیاتری ململانێ مەزهەبی و سیاسییەکانن لە ناوچەکەدا، کە تێیدا لایەنەکان هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی دەسەڵاتی دادوەرییەوە بەرەنگاری ئەو هەژموونە ببنەوە کە تاران دەیەوێت بەسەر وڵاتانی کەنداودا بیسەپێنێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.