بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، پەیامێکی توندی ئاراستەی تاران کرد و ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بەبێ وەڵام نابێت بەرامبەر هەر هەڕەشە یان هێرشێکی سەربازی کە ڕووبەڕووی ببێتەوە.
لە میانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتەكەیدا، نەتانیاهۆ جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئیسرائیل بنەمای "هەر کەسێک ئازارمان بدات، ئازاری دەدەینەوە" پەیڕەو دەکات. ئەم لێدوانانەی سەرۆکوەزیران لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە بارودۆخێکی زۆر هەستیاردایە و ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە شەڕی سێبەرەوە بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ دەڕۆن. نەتانیاهۆ ئاماژەی بەوە کرد کە سەرکردەکانی ئێران دەبێت تێبگەن کە ئیرادەی ئیسرائیل بۆ بەرگری لە خۆی و هاووڵاتییانی هیچ سنوورێکی نییە و سوپاکەیان لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ وەشاندنی گورزی توند لە هەر شوێنێک کە پێویست بکات.
ئەم هەڕەشانەی نەتانیاهۆ دوای ئەوە دێن کە لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا دەنگی چەندین تەقینەوە لە شارەکانی وەک بووشەهر و بەندەر عەباس بیستراوە و ئەمریکا بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ گورزی سەربازیی لە ئامانجە ئێرانییەکان وەشاندووە. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی کردەوە کە هەماهەنگییەکی تەواویان لەگەڵ واشنتن هەیە و حكوومەتەكەی ڕێگە نادات تاران ئاسایشی دەریایی و سەقامگیریی ناوچەکە تێک بدات. نەتانیاهۆ وتی: "ئێمە بۆ هەموو سیناریۆیەکی چاوەڕوانکراو ئامادەین، چ هێرشی مووشەکی بێت یان هەر جۆرە دەستدرێژییەکی تری سەربازی، وەڵامەکەمان یەکلاکەرەوە و بەهێز دەبێت."
چاودێرانی سیاسی ئەم لێدوانانە وەک پەیامێکی ڕاشکاو بۆ سەرکردەکانی تاران دەبینن، کە تێیدا ئیسرائیل دەیەوێت هێڵە سوورەکانی خۆی دیاری بکات. هاوکات لەگەڵ ئەم هەڕەشانەدا، سوپای ئیسرائیل ڕێکارە ئەمنییەکانی لە ناوخۆ و لەسەر سنوورەکان چڕتر کردووەتەوە. ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە بازاڕەکانی جیهان بەهۆی مەترسیی هەڵگیرسانی جەنگێکی فراوان لە نێوان تاران و تەلئەبیب تووشی شڵەژان بوون و نرخی وزە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا ئیدارەی ترەمپ جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەردەوام دەبێت لە پاراستنی هاوپەیمانە ستراتیژییەکانی لە ناوچەکەدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.