Erbil 31°C سێشەممە 14 تەمووز 16:15

کۆشکی سپی: ترەمپ هەوڵ دەدات گەرووی هورمز بکاتەوە

Kurdistan Ahmed
100%

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەرچەندە ڕۆژی چوارشەممە بڕیاری کۆتاییهێنان بە لێکتێگەیشتن و ئاگربەستی لەگەڵ ئێران داوە و فەرمانی دوو گەڕە هێرشی ئاسمانی کردووە، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"، تەرکێزی سەرەکیی واشنتن لە ئێستادا لەسەر دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمزە و ترەمپ هێشتا خوازیارە خۆی لە هەڵگیرسانی جەنگێکی گشتگیر لە ناوچەکەدا بەدوور بگرێت.

چاودێران و نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکان پێیان وایە کە سەرەڕای توندبوونەوەی گرژییەکان لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا، هەردوولا لە گەڕەکانی پێشووی گفتوگۆکاندا پێشکەوتنی باشیان بەرەو ڕێککەوتن بەدەستهێناوە و هێشتا خواستی ئەوەیان هەیە ڕێگری لە هەرەسهێنانی تەواوەتی لێکتێگەیشتننامەکان بگرن.

سەرچاوەیەکی هەرێمی لە یەکێک لە وڵاتە نێوەندگیرەکانەوە بە "ئەکسیۆس"ی ڕاگەیاندووە، نێوەندگیرەکان لەو بڕوایەدان کە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێران لە گەرووی هورمز لەلایەن هەندێک لایەنی ناو ڕژێمی ئێرانەوە پلانی بۆ داڕێژراوە کە دژی هەر جۆرە لێکتێگەیشتنێکن و ئامانجیان تێکدانی پڕۆسەی دیپلۆماسییە لەگەڵ واشنتن. لە بەرامبەر ئەم ئاڵۆزییانەدا، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە چڕتر بوونەتەوە و بەرپرسانی وڵاتانی قەتەر، پاکستان، تورکیا، میسر و سعودیە لە ڕۆژی چوارشەممەوە چەندین پەیوەندیی تەلەفۆنییان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران ئەنجامداوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە تەقینەوەی دۆخەکە بگرن.

لە لایەکی دیکەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیامێکدا کە لە کەناڵی فەرمیی تێلێگرامەکەی بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە بە عاسم منیر، فەرماندەی سوپای پاکستانی ڕاگەیاندووە، هێرشە ئاسمانییەکان و لێدوانە توندەکانی ئەمریکا بە پێشێلکارییەکی ڕاشکاوانەی لێکتێگەیشتننامەی نێوان هەردوولا دادەنرێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە وڵاتانی نێوەندگیر هەوڵ دەدەن متمانە بۆ لایەنەکان بگەڕێننەوە و ڕێگری بکەن لەوەی ململانێیەکان بگەنە خاڵێکی بێ گەڕانەوە، لە کاتێکدا کە ئاسایشی وزە و جووڵەی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز بووەتە تاقیکردنەوەیەکی گەورە بۆ سەقامگیریی ئابووریی جیهانی.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.