یسرائیل کاتس وەزیری بەرگری ئیسرائیل هۆشداری دا کە وڵاتەکەی ئامادەیە جارێکی دیکە و بە هێزێکی زیاترەوە هێرش بکاتە سەر ئێران ئەگەر پێویست بکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ پێنجشەممە تاران و واشنتۆن توندترین هێرشیان كردە سەر یەكتر لە دوای واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە مانگی ڕابردوودا.
یسرائیل کاتس وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئەمڕۆ پێنجشەممە لە میانی ڕێوڕەسمێکی سەربازیدا ڕایگەیاند: سوپای ئیسرائیل ئامادەیە و لە دۆخی ئامادەباشیدایە بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ بە مەبەستی گەڕاندنەوەی باڵادەستی ئاسمانی و لێدانی دووبارە لە ئێران بۆ لەناوبردنی هەڕەشەکان، لەوانەش بۆ جاری سێیەم ئەگەر پێویست بکات.
كاتس ئاماژەی بەوەش دا كە ئەگەر داوایان لێبکرێت بگەڕێینەوە بۆ شەڕ، ئەوا بە هێزێکی زۆر گەورەترەوە دەگەڕێنەوە.
هەر لە هەمان ڕێوڕەسمدا، بنیامین نەتانیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا ڕایگەیاند کە ئەو دوو شەڕەی ڕابردوو ئێرانیان لاواز کردووە، بەڵام پێیوانییە ململانێکان لەگەڵ تاراندا کۆتاییان هاتبێت.
نەتانیاهو گوتی: هاوپەیمانانی ئێران لە ناوچەکەدا لە هەمیشە لاوازترە، لە کاتێکدا ئیسرائیل لە هەمیشە بەهێزترە.
نەتانیاهو هەروەها ئاماژەی بە تواناکانی وڵاتەکەی کرد و گوتی: سەلماندوومانە کە دەستی درێژی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل دەتوانێت بگاتە هەر شوێنێک، لە یەمەنەوە تا ئێران. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئەوەش بزانین کە ئەم هەڵمەتە هێشتا کۆتایی نەهاتووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.