ئەمڕۆ پێنجشەممە شەش کەسی دیكە کە زۆربەیان فەرمانبەرن، لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانی پەیوەست بە گەندەڵی دارایی و کارگێڕییەوە لە سنووری پارێزگای دیالە دەستبەسەر کران.
میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە: لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا هێزە ئەمنییەکان ئۆپراسیۆنێكی دەستگیركردنیان لە سنووری پارێزگای دیالە ئەنجام دا.
ئۆپڕاسیۆنەكە دەستگیركردنی شەش کەسی لێ كەوتەوە؛ زۆربەیان فەرمانبەرن و هەروەها پزیشکیشیان تێدایە.
هەر شەش كەسەكە دەستگیركراون دوای ئەوەی ناویان لەو دۆسیانەدا هاتووە کە گومانی گەندەڵی دارایی و کارگێڕییان لەسەرە و هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدان.
بەگوێرەی سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان، دەستبەسەرکراوەکان گوازراونەتەوە بۆ یەکێک لە سەنتەرەکانی ڕاگرتنی ئەمنی بە مەبەستی تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی پێویست لە دژیان.
ئەمە لەكاتێكدایە كە هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق دەستبەسەرداگرتنی بڕی 14 ملیار دیناری دیكەی لە دۆسییەی گەندەڵییەكانی عەدنان جومەیلی بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراقی لەنێو چاڵێكدا راگەیاندبوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.