Erbil 31°C چوارشەممە 24 حوزەیران 00:47

وەزیری شارەوانی: مەسرور بارزانی بایەخێکی زۆر بە زیادکردنی سەوزایی دەدات

100%


وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و پاراستنی ژینگە لە کارە لەپێشینەکانی کابینەی حکوومەتە و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت، هەمیشە جەخت لەسەر فراوانکردنی ناوچە سەوزاییەکان لە سەرتاسەری کوردستان دەکاتەوە.

وەزیری شارەوانی ئاماژەی بەوە کرد کە یەکێک لە پڕۆژە هەرە دیار و ناوازەکان کە لە ئێستادا لە سنووری پارێزگای هەولێر و بە تایبەت لە قەزای عەنکاوە جێبەجێ دەکرێت، پڕۆژەی پارکی "باخچە هەڵواسراوەکانی بابل"ە. ئەم پڕۆژەیە بە یەکێک لە پڕۆژە هەرە گرنگ و جوانەکان دادەنرێت کە سیمایەکی شارستانی و گەشتیاریی نوێ بە ناوچەکە دەبەخشێت.

هەر بەپێی وتەی وەزیر، ئەم جۆرە پڕۆژانە بەشێکن لە دیدگای سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بۆ گۆڕینی هەرێمی کوردستان بۆ شوێنێکی ژینگەدۆست و تەندروست، کە تێیدا ڕێژەی سەوزایی بەپێی ستانداردە جیهانییەکان بێت. پارکی باخچە هەڵواسراوەکان لە عەنکاوە، نەک تەنها وەک شوێنێکی حەوانەوە بۆ هاووڵاتیان، بەڵکو وەک ناونیشانێکی گەشتیاریی گرنگ لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکەش هەژمار دەکرێت.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی کردەوە کە بەردەوام دەبن لە جێبەجێکردنی ئەو جۆرە پڕۆژە مۆدێرنانە کە خزمەت بە ژینگە و ژێرخانی گەشتیاریی هەرێمی کوردستان دەکەن، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانی حکومەت بۆ پەرەپێدانی شارەکان و دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ دانیشتووان و گەشتیاران.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.