دوای 25 ڕۆژ لە ونبوونی لە بناری قەندیل، ئەنجامی پشکنینی DNA بۆ ئەو تەرمە شێوێندراوەی دۆزرابووەوە ئاشکرا کرا و خاڵی منداڵەکەش پشتڕاستی کردەوە کە تەرمەکە هی (یاد سەرباز)ـە.
دوای ئەوەی لە ڕۆژی 28ـی ئایاری 2026، منداڵێکی تەمەن 3 ساڵ و نیو بەناوی (یاد سەرباز) لە گوندی ئێندزێی بناری قەندیل ون بوو، دوای گەڕان و ئەنجامدانی ڕێکارەکانی دۆزینەوەی لەلایەن کەس و کارییەوە، دواجار و 16 ڕۆژ دوای ونبوونی، لە نزیک گوندی ئێندزێ، بەشێک لە جەستە و ئێسک و پروسکی منداڵێک دۆزرایەوە، بەهۆی ئەوەی دۆسییەکە گوماناوی بوو بڕیاردرا کە پشکنینی DNA بۆ دایک و باوکی و تەرمی منداڵەکە بکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی خدر ڕەزگەیی، پەیامنێری (کوردستان تیڤی)، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ڕاپەڕین ئەنجامی پشکنینەکە دراوەتەوە دەست کەسوکارەکەی.
لەمبارەیەوە بێستوون حەسەن، خاڵی یاد سەرباز بە (کوردستان تیڤی) ڕاگەیاند، ئەنجامی پشکنینەکەیان وەرگرتووەتەوە و لە ٪99 دڵنیابوونەتەوە کە پاشماوەی تەرمەکە هی یاد سەربازە.
سەبارەت بە وەرگرتنەوەی تەرمی (یاد سەرباز) بۆ بەخاکسپاردنی، خاڵی یاد دەڵێت، تا ئێستا پاشماوەی تەرمەکەیان وەرنەگرتووەتەوە و دەیانەوێت هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی ڕوون ببێتەوە، دوای دڵنیابوونەوەش لە هۆکارەکە بەخاکی دەسپێرن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.