Erbil 31°C پێنجشەممە 30 تەمووز 02:48

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین لە هەولێر ئاگادارییەکی بەپەلە ئاراستەی هاووڵاتییان دەکات

کوردستان TV
100%

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین لە پارێزگای هەولێر، هۆشدارییەکی بەپەلە ئاراستەی هاووڵاتییان و گەنجان دەکات و داوایان لێدەکات لە پێناو کۆکردنەوەی "لایک و بینەر" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ژیانی خۆیان نەخەنە مەترسییەوە.

بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاگەیەندراوە دوای ئەوە دێت، کە چەند گەنجێک لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەرکەوتوون کە بە مەبەستی کۆکردنەوەی لایک و زیادکردنی بینەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بێباکانە دەستکاری پاشماوەی مووشەکی نەتەقیو دەکەن و ژیانی خۆیان و دەوروبەریان دەخەنە مەترسییەکی گەورەوە.

لە ڕاگەیاندراوێکدا کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، دوای گرژی و ئاڵۆزییەکانی دوایی، ژمارەیەک پاشماوەی جەنگیی نەتەقیوی مەترسیدار وەک (مووشەک و درۆن) لە ناوچە شاخاوی و سنوورییەکان کەوتوونەتە خوارەوە، ئەمەش مەترسییەکی ڕاستەقینەی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دروست کردووە.

عەلی عبدالرحمان، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری مین لە هەولێر ڕایگەیاند: "چوونە ناو کێڵگەکانی مین و شوێنی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکان بە مەبەستی وێنەگرتن و سێڵفی، هەڵسوکەوتێکی زۆر مەترسیدارە و ڕەنگە ببێتە هۆی کارەساتێکی نەگەڕاوە." جەختیشی کردەوە کە "هەڵەی یەکەم لە جیهانی تەقەمەنیدا، زۆرجار هەڵەی کۆتایییە."

بەڕێوەبەرایەتییەکە داوا لە هاووڵاتییان دەکات بە تەواوی پابەندی ئەم 3 ڕێنماییەبن:

1-   بە هیچ شێوەیەک لە پاشماوەی مووشەک، درۆن و هەرتەنێکی نامۆ نزیک مەبنەوە و هەوڵی دەستلێدان یان وێنەگرتنیان مەدەن.

2- لەم ماوەیەدا لە چوونە ناو دۆڵ و پێدەشتە پشکنین نەکراوەکان دووربکەونەوە و تەنها ڕێگا گشتییەکان بەکاربهێنن.

3- لە کاتی بینینی هەر تەنێکی گومانلێکراو، بێدواخستن پەیوەندی بە هێڵی گەرمی دەزگای مین بکەن لە ڕێگەی ژمارەی (182.

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، کە پاراستنی سەلامەتی گشتی ئەرکی هەمووانە و داوا لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکرێت بەرپرسیارانە ڕەفتار بکەن تا لایەنە پەیوەندیدارەکان ناچار نەبن ڕێکاری یاسایی بگرنەبەر.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.