وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕایگەیاند، دەنگۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی جۆری (F-16)ی سەر بە هێزی ئاسمانیی عێراقی لە ڕۆژی سەروەریدا دوورە لە ڕاستییەوە، دووپاتیشی کردەوە کە چالاکییە ئاسمانییەکان بەبێ هیچ گرفتێک ئەنجام دراون.
ئەمڕۆ هەینی 2ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی بەرگریی عێراق، ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە لە هەندێک پەیج و پێگەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراونەتەوە، سەبارەت بە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی جۆری (F-16)ـی سەر بە هێزی ئاسمانیی عێراقی بەهۆی گرفتێکی تەکنیکی و ڕزگاربوونی فڕۆکەوانەکەی، لە کاتی چالاکییەکانی ئاهەنگگێڕانی ڕۆژی سەروەریی نیشتمانیدا.
وەزارەتی بەرگریی عێراق لە بەیاننامەیەکدا جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەم زانیارییانە دوورن لە ڕاستییەوە و هیچ بنەمایەکی ڕاستییان نییە، فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانی نمایشەکانی ڕۆژی سەروەرییان بەبێ کەوتنەوەی هیچ ڕووداوێکی شایەنی باس ئەنجام داوە.
هاوکات وەزارەتی بەرگری داوای لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کردووە کە لە گواستنەوەی هەواڵەکاندا وردبین بن و پشت بە سەرچاوە فەرمییەکانی سەر بە وەزارەت ببەستن. هەروەها جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ئەو زانیارییانەی پەیوەستن بە دامەزراوەی سەربازی و چالاکییەکانییەوە، تەنیا لە ڕێگەی سەرچاوە فەرمی و باوەڕپێکراوەکانی وەزارەتەکەوە بڵاو دەکرێنەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.