Erbil 31°C پێنجشەممە 11 حوزەیران 13:41

رێکخراوی تەندروستی جیهانی: ئیبۆلا مەترسیدارە و تا کۆتایی ساڵ ڤاکسین بەرهەم دەهێنین

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ شەممە، تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرییسۆس، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO)، گەیشتە شاری بونیا، پایتەختی ویلایەتی ئیتۆری لە ڕۆژهەڵاتی کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ، کە لە ئێستادا بە ناوەندی سەرەکی بڵاوبوونەوەی پەتای کوشندەی ئیبۆلا دادەندرێت.

فڕۆکەکەی تێدرۆس ئەدهانۆم لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بونیا نیشتەوە، کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتاکەوە بە ڕووی گەشتە نێودەوڵەتییە ئاساییەکاندا داخراوە.

بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوەکە لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند: "ئێمە لێرەین بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە دۆخەکە و تێگەیشتن لە چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی پەتاکە و دەستنیشانکردنی ئاستەنگەکان، تا بتوانین پشتگیرییەکی کاریگەرتر پێشکەش بکەین."

ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ، کە یەکێکە لە هەژارترین وڵاتانی جیهان، لە ناوەڕاستی مانگی ئایارەوە بڵاوبوونەوەی شەپۆلێکی نوێی ئیبۆلای ڕاگەیاندووە. ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیش بەهۆی مەترسییەکانی ئەم پەتایە، باری نائاسایی تەندروستی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ڕاگەیاندووە.

بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی ناوەندی ئەفریقا بۆ کۆنترۆڵکردن و ڕێگریکردن لە نەخۆشییەکان (Africa CDC)، تا ئێستا 246 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە هەزار حاڵەتی گوماناوی تۆمارکراون. هەروەها پەتاکە پەڕیوەتەوە بۆ وڵاتی ئۆگاندا و لەوێش 9  حاڵەتی تووشبوون پشتڕاستکراونەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، ڕێکخراوی "پزیشکانی بێ سنوور" نیگەرانی قووڵی خۆی لە خێرایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەو هاوکارییە پزیشکییانەی ئێستا لەو ناوچانەدا هەن، زۆر کەمترن لە پێویستییەکان.

جێی ئاماژەیە، ناوچەی ئیتۆری کە ناوەندی پەتایەکەیە، بەهۆی بوونی گرووپە چەکدارەکان و ناسەقامگیری ئەمنی، کارەکانی تیمە تەندروستییەکانی قورستر کردووە. هەروەها نەبوونی کوتان و چارەسەری تایبەت بۆ جۆرە نوێیەکەی ئیبۆلا (سلالەی بونديبۆگیۆ) مەترسییەکانی زیاتر کردووە، هەرچەندە بەرپرسانی تەندروستی ئەفریقا هیوادوازن تا کۆتایی ئەمساڵ ڤاکسینێکی تایبەت بەو جۆرە بەردەست ببێت.

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.