لە دوای نیوەڕۆ دوێنێ پێنجشەممەوە منداڵێکی تەمەن 3 ساڵ و نیو بەناوی (یاد سەرباز عەلی) لە گوندی ئێندزێی بناری قەندیل ون بووە و تا ئێستا نەدۆزراوەتەوە.
هەڵمەت سلێمان عومەر یەکێک لە خزمەکانی ئەو منداڵە بە (كوردستان تیڤی) راگەیاند: سەرباز عەلی کە خەڵکی باڵەکایەتییە و خێزانەکەی خەڵکی گوندی ئێندزێیە، خۆی و منداڵەکانی بە مەبەستی جەژنە پیرۆزە چوونەتە سەردانی ماڵە خەزورانی و (یاد)ی کوڕیان لەگەڵ منداڵانی گوند، هەر لەناو گوند یارییان کردووە و دواتر منداڵەکان کاتژمێر 3ی عەسر گەڕاونەتەوە ماڵەوە و ئەویش لەوساوە بێ سۆراخە.
سەبارەت بە هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوەی ئەم منداڵە، گوتی: لە دوێنێ ئێوارەوە و بە درێژایی شەوی ڕابردوو و تا ئێستا، زیاتر لە پێنج سەد کەس لە خزم و کەسوکاریان و خەڵکی ناوچەکە بەردەوامن لە گەڕان و تا ئێستا هیچ سەرەداوێکیان دەست نەکەوتووە، داواکاریشین هەر کەس لە توانایدایە هاوکارییان بکات.
هەڵمەت سلێمان عومەر ئەوەشی گوت کە ئیتر تەواو دڵنیا بوونەتەوە کە (یاد) دزراوە یان ڕفێنراوە، چونکە لە تەواوی ناوچەکە گەڕان و پشکنین کراوە و لە ناوچەكەدا هیچ ئاژەڵێکی دڕندەشی لێ نییە کە گومانیان بۆ بچێت، بۆیە تەواوی خزمەکانیان گومانیان لە ڕفاندنی هەیە و داواکاریشن هەر کەسێک زانیاری لەسەری هەیە، با کەسوکاری، یان لایەنە پەیوەندارەکان ئاگادار بکاتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.