ئەمڕۆ هەینی لە كەنیسەی مار یووسف لە شاری بەغدا، مەڕاسیمی دەستبەكرابوونی (مەتران مار پۆڵسی سێیەم) وەك پاتریاركی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان بەڕێوەچوو.
مەتران مار پۆڵسی سێیەم پێشتر لە رۆژی 12ی نیسانی رابردوو بەفەرمی وەك پارتریاركی نوێی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان دەستنیشان كرابوو، دوای ئەوەی پاتریارك مار لویس ساكۆ دەستی لەكار كێشابووەوە.
مەتران مار پۆڵسی سێیەم پاتریاركی نوێی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان لە ساڵی 1967 لە شارۆچکەی ئەلقۆش لەدایکبووە، لە ساڵی 1991 پلەی قەشایەتی پێ بەخشراوە، دواتریش لە ساڵی 2007 بڕوانامەی دکتۆرای لە لاهوتی ئەدەبیی لە زانکۆی لاتیرانی پاپاوی لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەدەستهێناوە.
مەتران مار پۆڵسی سێیەم لە ماوەی رابردوودا چەندان ئەرك و پۆستی لە كەنیسەكان پێ بەخشراوە، لەوانە لە ساڵی 2010 لە سەخترین قۆناغەكاندا وەک سەرۆکی قەشەکانی مووسڵ دەستبەکار بووە، هەروەها لە ساڵی 2015 لەلایەن پاپا فرانسیسەوە وەک سەرۆکی قەشەی ئەبرشییە مار تۆما (أبرشية مار توما) لە ئوستراڵیا و نیوزلەندا دەستنیشان كراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.