Erbil 31°C چوارشەممە 29 تەمووز 02:55

بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی فورات مەترسی دروست دەکات و چەند ناوچەیەک لە دێرەزوور چۆڵ دەکرێن

کوردستان TV
100%

لیژنەی باری نائاسایی و بەڕێوەبردنی کارەساتەکان لە پارێزگای دێرەزوور، فەرمانی چۆڵکردنی دەستبەجێی بۆ دانیشتووانی ناوچەکانی "حەویجە سەکر" و "حەویجە کاتع" دەرکرد، ئەمەش دوای بەرزبوونەوەی مەترسیداری ئاستی ئاوی ڕووباری فورات کە هەڕەشەی کارەساتێکی مرۆیی لێدەکرێت.

بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەکە دەرەنجامی کردنەوەی بەنداوەکانە لە سووریا و تورکیا، دوای ئەوەی بەهۆی بارانبارینی زۆری ئەم وەرزەوە کۆگاکانی ئاو بە تەواوی پڕ بوون و بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر بەنداوەکان، بڕێکی زۆر ئاو بەردرایەوە.

لیژنەی باری نائاسایی داوای لە هاووڵاتیان کردووە بە خێرایی ناوچە مەترسیدارەکان جێبهێڵن و هاوکاری تەواوی تیمەکانی فریاگوزاری و لایەنە پەیوەندیدارەکان بن، هەروەها جەختیان لە پابەندبوون بە ڕێنماییەکان کردووەتەوە بۆ پاراستنی گیانی دانیشتووان و دوورکەوتنەوە لە هەر زیانێکی مرۆیی.

لە ئێستادا ناوچەکانی دەوروبەری ڕووباری فورات لە دۆخی ئامادەباشی باڵادان و چاودێری مەیدانی چڕ دەکرێت، لەبەر مەترسی فراوانبوونی ڕووبەری ئاوەکە و گەیشتنی بە گەڕەکە نیشتەجێبوونەکان و زەوییە کشتوکاڵییە نزمەکان، بەتایبەت کە پێشبینی دەکرێت لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا لێشاوی زیاتری ئاو بگاتە ناوچەکە.

تیمەکانی وەڵامدانەوەی خێرا سەرقاڵی گواستنەوەی خێزانەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانن، هاوکات ڕێوشوێنی خۆپارێزی بۆ پاراستنی ژێرخانی ناوچەکە گیراوەتە بەر.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.