Erbil 31°C ھەینی 19 حوزەیران 15:04

تاران لەبەردەم مەترسیی وشکەساڵیدایە و یەدەگی ئاو بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە

کوردستان TV
100%

بەهۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی بارانبارین، ئێران دووچاری تەنگژەیەکی سەختی کەمئاوی بووەتەوە. بەپێی نوێترین ئامارەکانی کۆمپانیای ئاوی ناوچەیی تاران، کۆگاکانی ئاوی بەنداوەکانی ئەو پارێزگایە نزیکەی 300 ملیۆن مەتر سێجا کورتهێنانیان هەیە بەراورد بە بارودۆخی ئاسایی.

بەرپرسانی کەرتی ئاو لە تاران ئاشکرایان کردووە کە لە ساڵی ئاویی ئێستادا تەنیا 172.5 ملیمەتر باران باریوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە تێکڕای ساڵانەی بارانبارین لەو ناوچەیە دەبێت بگاتە 280 ملیمەتر. ئەم کەمبوونەوەیە وای کردووە کۆی گشتیی یەدەگی ئاوی بەنداوەکان بۆ 504 ملیۆن مەتر سێجا دابەزێت، لە کاتێکدا لە ساڵانی ئاساییدا ئەم ڕێژەیە زیاتر لە 820 ملیۆن مەتر سێجا بووە.

هەرچەندە ئامارە گشتییەکانی ئێران باس لە زیادبوونی 63٪ی بارانبارین دەکەن بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، بەڵام وەزیری وزەی ئەو وڵاتە جەخت دەکاتەوە کە تاران هێشتا 37٪ لە دواوەیە و نەگەیشتووەتە ئاستی پێویست.

ئەم قەیرانە تەنیا تاران ناگرێتەوە؛ بەپێی لێدوانی گوتەبێژی پیشەسازیی ئاوی ئێران، ئێستا نزیکەی 35 ملیۆن کەس لە دانیشتووانی ئەو وڵاتە لە مەترسیی بێئاویدان و دۆخی دابینکردنی ئاو گەیشتووەتە قۆناغێکی هەستیار.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.