Erbil 31°C چوارشەممە 29 تەمووز 02:18

رووسیا هۆشداری توند دەدات: هێرشی گەورە دەكەینە سەر كیێف

کوردستان TV
100%

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ئاشكرای كرد كە بەنیازن هێرشێكی توند بکەنە سەر ناوەندەکانی بڕیاردان و بنکەکانی فەرماندەیی لە ئۆکرانیا، هۆشداریشی داوەتە کارمەندانی نێردە دیپلۆماسییەکان لە کیێڤ کە دەستبەجێ شارەکە جێبهێڵن.

لە بەیاننامەیەكی ئەمڕۆ دووشەممەی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا هاتووە: هۆشداری دەدەینە کارمەندانی نێردە دیپلۆماسییەکان لە کیێڤ کە پێویستە دەستبەجێ شارەکە جێبهێڵن، وەک ئامادەکارییەک بۆ هێرشی خێرا و بەهێز بۆ سەر ژێرخانی سەربازی و دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی پیشەسازیی سەربازی شارەكە.

بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: ئەو هێرشەی هێزەکانی ئۆکرانیا کردوویانەتە سەر قوتابخانەیەک لە لۆهانسك، بەڵگەیەکی دیکەیە لەسەر سروشتی تیرۆریستی ڕژێمەکەی کیێڤ.

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا جەختیشی کردۆتەوە کە هێزەکانی ڕووسیا لە ئێستادا هێرش دەکەنە سەر دامەزراوە پیشەسازییە سەربازییەكان ئۆکرانیا لە کیێڤ، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو هێرشانەی کە هاووڵاتییانی مەدەنی ڕووسیایان کردووەتە ئامانج.

ئەمە لەكاتێكدایە كە وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا دوێنێ یەكشەممە گەشتێکی مەیدانی بۆ ڕۆژنامەنووسە بیانییەكان ڕێکخستبوو بۆ ئەو ناوچەیەی کە کەوتووەتە بەر بۆردومانەکەی سوپای ئۆکرانیا، کە کۆلێژێک و بەشە ناوخۆییەکی قوتابییان بوو لە شاری ستاروبێڵسک لە لۆهانسك.

بەگوێرەی زانیاریی میدیاكانی رووسیا، لە کاتی هێرشەکەی سوپای ئۆكراینا 86 منداڵ کە تەمەنیان لەنێوان 14 بۆ 18 ساڵ بووە لەناو باڵەخانەکەدا بوون، بەپێی دوایین ئامارەکان ژمارەی کوژراوان بۆ 21 کەس بەرزبووەتەوە.

لەلایەكی دیكەشەوە ڕووسیا بەفەرمی داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشیی نێودەوڵەتی کردووە بۆ تاوتوێکردنی ئەم ڕووداوە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.