Erbil 31°C دووشەممە 15 حوزەیران 11:15

عێراق لەبارەی دەنگۆی هێرشكردنە سەر سعوودییە بە سێ درۆن روونكردنەوە دەدات

کوردستان TV
100%

وەزارەتی دەرەوەی عێراق نیگەرانی قووڵی خۆی نیشان دا لەبەرامبەر ئەو زانیارییانەی باس لە بەئامانجگرتنی سعوودییە دەکەن لە ڕێگەی سێ درۆن لەناو خاكی عێراقەوە، جەختیشی كردەوە كە دەستیان بە لێكۆڵینەكان لەسەر بابەتەكە كردووە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا دوای جەختكردنەوە لە پەیوەندیی قووڵی برایانە و مێژوویی لەگەڵ وڵاتی سعوودییە، ڕایگەیاند كە عێراق هەمیشە سوورە لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە سەرجەم بوارە جیاجیاکاندا.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەكەدا هەروەها ئاماژەی بەوە کرد كە زانیاری سەرەتاییان پێگەیشتووە سەبارەت بە بوونی هێرشێک لەناو خاكی عێراقەوە بۆ سەر وڵاتی سعوودییە بە سێ درۆن.

ڕوونیشی کردەوە کە لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ئەم زانیارییانە دەکەن و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستبەجێ ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوە و پشتڕاستکردنەوەیان دەست پێ کردووە بۆ زانینی ڕاستی و وردەکارییەکانی بابەتەکە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق نەشی شاردەوە کە لە ڕێگەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و ئامێرەكانی بینینەوە، هیچ زانیارییەک لەسەر ئەم هێرشە تۆمار نەکراوە.

داواشی لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی وڵاتی سعوودییە کرد هاوکارییان بن و زانیارییەكانیان لەگەڵ بگۆڕنەوە، بۆ ئەوەی بگەنە زانیاری ورد کە یارمەتیدەر بێت لە بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری هەردوو وڵات.

شەوی رابردوو گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعوودییە ڕایگەیاند: بەیانی دوێنێ یەكشەممە لە رێگەی سێ درۆنەوە هێرشمان كرایە سەر كە لە خاكی عێراقەوە ئاراستەكرابوون.

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعوودییە ئاماژەی بەوەش دا كە توانیویانە ڕێگریی لە هەرسێ درۆنەكە بگرن و لە ئاسمان تێکیان بشكێنن.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.