Erbil 31°C چوارشەممە 17 حوزەیران 11:36

دۆناڵد ترەمپ لەناوبردنی مەترسیدارترین تیرۆریستی جیهانی ڕاگەیاند

کوردستان TV
100%

سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا و نێجێریا ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ لەناوبردنی کەسی دووەمی ڕێکخراوی "داعش" ئەنجام داوە و بە لەناوبردنی ئەو کەسە ئۆپەراسیۆنە جیهانییەکانی ڕێکخراوی داعش گورزێکی گەورەیان بەرکەوتووە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ترووس سۆشیاڵ) ڕایگەیاند: "ئەمشەو و بە ڕێنمایی من، هێزە ئازاکانی ئەمریکا و هێزە چەکدارەکانی نێجێریا، بە سەرکەوتنی تەواوەوە، ئۆپەراسیۆنێکی وردبینانە و زۆر ئاڵۆزیان بۆ لەناوبردنی مەترسیدارترین تیرۆریستی چالاک لە جیهاندا جێبەجێ کرد".

دۆناڵد ترەمپ نووسیویەتی: "ئەبو بیلال ئەلمینۆکی، کەسی دووەمی ڕێکخراوی داعش لەسەر ئاستی جیهان، پێی وابوو دەتوانێت لە ئەفریقا خۆی حەشار بدات، بەڵام نەیدەزانی کە ئێمە سەرچاوەمان هەبووە و زانیارییان لەسەر جووڵە و چالاکییەکانی پێداوین. ئەو چیتر ناگەڕێتەوە بۆ ترساندن و تۆقاندنی گەلانی ئەفریقا یان یارمەتیدان لە داڕشتنی پلانی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە ئەمریکییەکان دەکەنە ئامانج".

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد: "بە لەناوبردنی (ئەبو بیلال ئەلمینۆکی)، ئۆپەراسیۆنە جیهانییەکانی ڕێکخراوی داعش گورزێکی گەورەیان بەرکەوتووە و تواناکانی بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز بوون".
 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.