بەگوێرەی ئەو داتایانەی وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاوی كردۆتەوە، ئەمڕۆ هەینی نرخی نەوتی عێراق لە بازاڕەكانی جیهان كەمێك دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام نرخی بەرمیلێك هەر لە سەرووی 100 دۆلاری ئەمریكی ماوەتەوە.
ئەمڕۆ هەینی تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە، هەر بەرمیلێك نەوتی ئاست مامناوەندی عێراق بە 106.79 دۆلار لە بازاڕەكانی جیهان مامەڵەی پێوە دەكرێت، هەروەها نەوتی قورسیش بە 104.89 دۆلار مامەڵەی پێوە دەكرێت.
بەمەش هەردوو جۆرە نەوتەكەی عێراق بەراورد بە دوێنێ پێنجشەممە، نرخەكەی بەڕێژەی 0.96 دۆلار دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
ئەمە لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ هەینی بەهۆی لێدوانێكی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیهان بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیبوو، ترەمپ هەڕەشەی لە ئێران كردبوو و رایگەیاندبوو "چیتر ناتوانم لەسەر ئێران ئارام بگرم و پێویستە بەزووترین كات رێككەوتن واژۆ بكەن".
ئێستا هەر بەرمیلێك نەوتی خاوی برێنت نرخەكەی 107.76 دۆلارە، هەروەها نرخی نەوتی تێكساسی ئەمریكیش بە 103.08 دۆلار مامەڵەی پێوە دەكرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.