عێراق بە فەرمی داوای هاوکاریی دارایی لە سندووقی نێودەوڵەتیی دراو کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو زیانە ئابوورییانەی بەهۆی جەنگی ئێرانەوە بەر وڵاتەکە کەوتوون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ـی ئایار، ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە سندووقی نێودەوڵەتیی دراو بڵاویکردەوە، عێراق بە فەرمی داوای هاوکاریی دارایی لەو ڕێکخراوە کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو زیانە ئابوورییانەی بەهۆی جەنگی ئێرانەوە بەر وڵاتەکە کەوتوون.
بەپێی سەرچاوەکە، گفتوگۆ سەرەتاییەکان مانگی ڕابردوو لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی بەهاری سندووقی نێودەوڵەتیی دراو و بانکی جیهانی لە واشنتۆن ئەنجامدراون. لە ئێستاشدا گفتوگۆکان بەردەوامن بۆ دیاریکردنی بڕی ئەو پارەیەی کە عێراق پێویستییەتی و شێوازی داڕشتنی قەرزەکە.
عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە بەهۆی ئەو پەککەوتنەی لە ئەنجامی جەنگەوە دروستبووە کە لە 28ـی شوباتی ئەمساڵەوە دەستیپێکردووە. داخستنی گەرووی هورمز، کە ڕێڕەوێکی سەرەکیی گواستنەوەی نەوتی جیهانە، بووەتە هۆی ڕاگرتنی بەشێکی زۆری هەناردەی نەوتی خاوی عێراق و دروستکردنی قەیرانێکی دارایی بۆ بەغدا.
ئەم هەنگاوەی حکوومەتی عێراق وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە و دابینکردنی سەقامگیریی دارایی لە سایەی ئەو ناسەقامگیرییە سەربازییەی ناوچەکەی گرتووەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.