شی جینپینگ، سەرۆکی چین، لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەکین، چەند پەیامێکی گرنگی سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات ئاراستە کرد و ڕایگەیاند کە پەیوەندیی نێوان پەکین و واشنتن، گرنگترین پەیوەندیی دووقۆڵییە لە جیهاندا.
سەرۆکی چین سەردانەکەی ترەمپی بە "مێژوویی" وەسف کرد و ئاماژەی بەوە دا کە لەوەتەی 55 ساڵ پێش ئێستا دەرگاکانی پەیوەندی لە نێوان هەردوو وڵات کراونەتەوە، ئێستا کاتی ئەوەیە پێکەوە هەنگاو بەرەو باشتر بنێن. گوتیشی: "پێکەوە دەتوانین هاوکاری یەکتر بکەین بۆ ئەوەی بەرەو داهاتوویەکی باشتر بۆ جیهان هەنگاو بنێین."
شی جینپینگ لە وتەکانیدا جەختی لەسەر پێویستیی گۆڕینی شێوازی مامەڵەکردن کردەوە و ڕایگەیاند: "دەبێت چین و ئەمریکا هاوبەشی یەکتر بن نەک نەیاری یەکتر." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە وڵاتەکەی لەسەر پرسە جیهانییەکان لەگەڵ واشنتن هەماهەنگی دەکات و هەوڵدەدەن لە هەر جۆرە ڕووبەڕووبوونەوە و گرژییەک دوور بکەونەوە.
سەرۆکی چین دووپاتی کردەوە کە سەقامگیری و گەشەکردنی جیهان پێویستی بە هاوکاری نێوان ئەم دوو جەمسەرە هەیە، بۆیە پێویستە لەبری کێبڕکێی توند، ڕێگەی شەراکەت و کارکردنی پێکەوەیی بگرنە بەر.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.