Erbil 31°C ھەینی 19 حوزەیران 11:15

ئێران: 35 ملیۆن کەس ڕووبەڕووی قەیرانی کەمئاوی بوونەتەوە

کوردستان TV
100%

وتەبێژی کەرتی ئاوی ئێران ڕایگەیاند، نزیکەی 35 ملیۆن کەس لە وڵاتەکەدا ڕووبەڕووی کەمئاوی بوونەتەوە و هۆشداریشی دا کە سەرەڕای باشبوونی ئاستی یەدەگی بەنداوەکان، هێشتا دەستپێوەگرتن بە ئاوەوە بە پێویستییەکی حەتمی دەمێنێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 11ـی ئایار، عیسا بۆزۆرگزادە، وتەبێژی کەرتی ئاو، ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن ئێران چووبێتە ناو وەرزێکی پڕبارانی بەردەوام. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئاستی بارانبارین لەسەر ئاستی نیشتمانی لە ئاستێکی ئاساییدایە و تەنیا 2% لە سەرووی تێکڕای بارانبارینی درێژخایەنەوەیە.

بەپێی گوتەی بۆزۆرگزادە، بارانبارین لە 11 پارێزگای وڵاتەکەدا هێشتا لە خوار ئاستی ئاساییەوەیە، لەوانە پارێزگاکانی: تاران، قەزوین، ئەلبۆرز، سمنان، قوم، یەزد، مەرکەزی و ئەسفەهان. تاران یەکێکە لەو ناوچانەی کە زۆرترین کاریگەریی قەیرانی کەمئاویی لەسەرە.

وتەبێژی کەرتی ئاوی ئێران جەختی لەوەش کردەوە، کە پێویستە بەڕێوەبردنی ئاو بە شێوەیەکی خۆجێیی و ناوچەیی بێت، چونکە بارانبارینی زۆر لە پارێزگایەک بە واتای چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی لە شارە گەورەکانی پارێزگاکانی دیکە نایەت.

عیسا بۆزۆرگزادە، ئاماژەی بەوەدا نزیکەی 35 ملیۆن کەس لە وڵاتەکەدا ڕووبەڕووی کەمئاوی بوونەتەوە هۆشداریشی دا کە سەرەڕای باشبوونی ئاستی یەدەگی بەنداوەکان، هێشتا دەستپێوەگرتن بە ئاوەوە بە پێویستییەکی حەتمی دەمێنێتەوە

ئەم ئامارانە لە کاتێکدا بڵاو دەکرێنەوە کە گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵییە یەک لە دوای یەکەکان فشارێکی زۆریان خستووەتە سەر ژێرخانی ئاوی ئێران و دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی بۆ بەشێکی زۆری دانیشتووانی ئەو وڵاتە قورس کردووە.

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.