دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیامێکی نوێدا هەڵکشانی گرژییە سەربازییەکانی لە گەرووی هورمز ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد کە هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە 7 بەلەمی خێرای هێزە دەریاییەکانی ئێران تێکبشکێنن، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی تاران بۆ سەر کەشتیی ئەو وڵاتانەی کە پەیوەندییان بە ململانێکانەوە نییە.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە دا کە ئێران هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەکی بارهەڵگری کۆریای باشوور و ڕایگەیاند کە کاتی ئەوە هاتووە سول پەیوەندی بە ئەرکی "پڕۆژەی ئازادی" (PROJECT FREEDOM) بکات.
ترەمپ بە توانجەوە دەربارەی هێزە دەریاییەکانی ئێران وتی: "ئێمە 7 بەلەمی بچووک، یان وەک خۆیان حەز دەکەن ناوی بنێن 'بەلەمی خێرا'مان نوقم کرد، ئەوە تەنها شتێکە کە بۆیان ماوەتەوە"، هەروەها جەختی کردەوە کە جگە لە کەشتییەکەی کۆریای باشوور، لە ئێستادا هیچ زیانێکی دیکە لە ناو گەرووەکەدا ڕووی نەداوە.
بڕیارە بەیانی ڕۆژی سێشەممە، پیت هێگسێت، وەزیری جەنگ و دان کەین، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بۆ خستنەڕووی وردەکارییە سەربازییەکان و پلانی داهاتووی واشنتۆن ئەنجام بدەن.
ئەم پەرەسەندنانە نیشانەی توندبوونەوەی ململانێکانە لە یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهاندا و واشنتۆن هەوڵ دەدات لە ڕێگەی هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتییەوە فشارە سەربازییەکانی بۆ سەر تاران زیاتر بکات و ئاسایشی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە ناوچەکەدا دەستەبەر بکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.