پەڕەی مێژووی تۆپی پێ جارێکی تر لەرزا؛ ئەمجارەیان نهێنییەکی پشت پەردەی گرژییەکانی نێوان کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ و سەرکردایەتیی هەڵبژاردەی پورتوگال، بەتایبەت ڕاهێنەر خۆرخێ خیسۆس، تەقییەوە و دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیا جیهانییەکاندا دروست کرد.
ڕەگ و ڕیشەی کێشەکە؛ کاتێک خیسۆس داوای لێبوردن دەکات
بەپێی ئەو زانیارییە ڕۆژنامەوانییانەی کە لە ڕێگەی سەرچاوە متمانەپێکراوەکان و لێدوانەکانی ئێدو ئاگێری لە بەرنامەی ناسراوی "ئێل چیرینگیتۆ" بڵاو بوونەتەوە، کێشەکە لەو کاتەوە دەست پێ دەکات کە خۆرخێ خیسۆس لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا داوای لێبوردنی لە کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ کردووە؛ ئەوەش بەهۆی ئەو ڕەفتارەی کە تێیدا بۆ ماوەی 30 خولەک ڕۆناڵدۆی خستە گەرمکردنەوە، بەڵام لە کۆتاییدا یاریی پێ نەکرد.
ڕاهێنەر نەک هەر داوای لێبوردنی کرد، بەڵکو بەڵێنی بە ئەستێرە پورتوگالییەکە دا کە لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا بە ئاشکرا دان بە هەڵەکەیدا بنێت تاوەکو دۆخەکە ئارام ببێتەوە.
شکاندنی بەڵێن و تەقینەوەی تووڕەیی
بەڵام ڕاستییەکان بە شێوازێکی تر ڕوویان دا؛ خۆرخێ خیسۆس بەڵێنەکەی نەبردە سەر و لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا وتی: "کریستیانۆ یاریزانێکە وەک یاریزانەکانی تر". ئەم لێدوانە و شاردنەوەی ڕاستییەکان، بڵێسەی تووڕەیی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی هەڵگیرساند و ناوبراو هەستی بە "خیانەتێکی ئاشکرا" کرد.
ڕۆناڵدۆ لە بەرامبەر ئەم هەڵسوکەوتەدا وتی: "من دەچمەوە ماڵەوە، ئەمە خیانەتێکی ڕوونە". ڕۆژنامەی ناوداری "ئابۆلا"ی پورتوگالیش بڵاوی کردەوە کە کریستیانۆ بڕیاری داوە کەمپی هەڵبژاردە جێبهێڵێت، بە شێوەیەک تەنانەت سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی پورتوگال و خودی خیسۆس هەوڵیان دا پاشگەزی بکەنەوە لە ترسی مەترسیی سڕکردنی بۆ ماوەی شەش مانگ و سزای دارایی، بەڵام ناوبراو گوێی بە قسەکانیان نەدا و سواری فڕۆکە تایبەتەکەی بوو.
کاردانەوەی جیهانی و ژمارە پێوانەییەکان
ئەم ڕووداوە کاردانەوەی زۆر توندی لە شەقامی وەرزشیدا دروست کرد و تەنیا لە ماوەی یەک کاتژمێردا، هەژماری فەرمیی هەڵبژاردەی پورتوگال زیاتر لە 100 هەزار فۆڵۆوەری لەدەست دا! ئەمەش نیشانەی کاریگەرییە گەورەکەی ئەم ئەستێرەیەیە.
لەگەڵ ئەم قەیرانە قورسەدا، مێژووی مەزنی کریستیانۆ لەگەڵ پورتوگال وەک خۆر دەدرەوشێتەوە:
⚽ گۆڵکاری مێژوویی نێودەوڵەتی: (146 گۆڵ)
👕 زۆرترین یاریی نێودەوڵەتی: (234 یاری)
🏆 گۆڵکاری مێژوویی یۆرۆ: (14 گۆڵ)
🎯 ئەسیستکاری مێژوویی یۆرۆ: (8 ئەسیست)
🌟 تەنیا یاریزانە لە 6 مۆندیالی جیاوازدا گۆڵی تۆمار کردبێت.
ئایا ئەم کێشەیە کۆتایی بە کاروانی ڕۆناڵدۆ دەهێنێت لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی، یان دەرگایەکی نوێ لە قەیرانەکان دەکاتەوە؟ مێژووی تۆپی پێ وەڵامەکەی دەداتەوە!
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.